نرخی ماسی و مریشك له بازاڕه‌كان به‌رزبووه‌ته‌وه و نرخی یه‌ك كیلۆ بۆ سه‌روو چوار هه‌زار دیناره، ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌یش پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه خواست له‌سه‌ر هه‌ردوو گۆشته‌كه زیاد بووه.
محه‌مه‌د جاف ماسیفرۆش، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و كاته‌ی نرخی ماسی بۆ خوار چوار هه‌زار دینار دابه‌زی بۆ یه‌ك كیلۆ نه‌خۆشی بڵاوبووه‌وه، به‌شێك له ماسی پڕۆژه‌كان ده‌مردن، به‌لاَم ئێسته هیچ نه‌خۆشییه‌ك له ئارادا نییه و نرخه‌كه به‌رزبووه‌وه و كیلۆی ماسی ئه‌گه‌ر له سه‌روو دوو كیلۆوه بێت به پێنج هه‌زار دیناره.
روونیشی كرده‌وه كه ماسیی تریش هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌ویش نرخی كیلۆیه‌كی له چوار هه‌زار و 500 دیناره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات.
هاوكات نازم جاف سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌په‌له‌وه‌رییه‌كانی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، نرخی مریشك ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به هۆڵه‌كانه‌وه بێت یه‌ك كیلۆ به سێ هه‌زار و 400 دیناره و له هه‌ندێك شاری تر 100 تا 200 دینار گرانتره، به‌ڵام كه ده‌چێته دوكانه‌كان گرانتره، هه‌رچه‌نده به‌گشتیی چه‌ند ڕۆژێكه نرخی مریشك دابه‌زیوه.
یاسین حاجی، مریشكفرۆش له شاری سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه نرخی مریشك به‌رزبووه‌وه، هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی مریشك ده‌گه‌ڕێته‌وه له هۆڵه‌كان، ئێسته نرخی یه‌ك كیلۆ نزیكه‌ی چوار هه‌زار دیناره.
له‌م وه‌رزه‌دا، خواست له‌سه‌ر گۆشتی ماسی و مریشك تاڕاده‌یه‌كی زۆر زیاتر ده‌بێت ئه‌وه‌یش هۆكاری سه‌ره‌كییه كه نرخه‌كه‌ی به‌رز بێته‌وه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی