جێگیركردنی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنوورەكانی هەرێم سەركەوتوو دەبێت؟

:: PM:10:38:24/11/2022 ‌

لەگەڵ دووبارەبوونەوەی بۆردمانەكانی ئێران و توركیا بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە پاساوی جیا جیا، حكوومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی ئەو پاساوانە بڕیاری دا پاسەوانی سنوور لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بڵاو بكاتەو، بەڵام ئاخۆ هەنگاوەكە سەركەوتوو دەبێت؟

لە مانگی ئایاری رابردوو و دوای پەرەسەندنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، فەریق روكن، حامد عەبدوڵا ئیبراهیم، فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق رای گەیاند كە هێزەكانی ژمارەیەك خاڵی تەناهییان لە سنوورەكان دامەزراندووە، ئەوەش بۆ وەستاندنی پێشڕەویی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق، بۆیە ئەوان رژدن لە چوونە خاڵی سفری سنوورەكانـ پارەش بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكان تەرخان كراوە.

موئەید جحێشی، شارەزای سەربازی عێراقی سەبارەت بە كاریگەری ئەو هەنگاوە دەڵێت، ئەوەی لە ئەنجوومەنی تەناهیی ویزاری لە بەغدا رێككەوتنی لەبارەوە كراوە، تەنیا گوتارێكی راگەیاندنە و هیچی تر، چونكە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پاسەوانی سنووریان لەسەر سنوورەكان لەگەڵ توركیا و ئێران هەیە، رێگەش نادەن ئەو ئەركە بە هێزەكانی فیدراڵ بدرێت.

روونی كردەوە، لەلایەكی تر سروشتی ئەو ناوچانە سەختە و پێویستییان بە هەوڵ و توانای گەورەی سەربازی هەیە، كە هێزە تەناهییەكانی عێراق نیانە، چونكە زۆرینەی توانا سەربازییەكانی سوپای عێراق لە دوای شەڕی لەگەڵ ئێران لەدەست چوو و دوای ئەوە لە نوێ دەستی پێ كرایەوە، بەتایبەتی لە دوای 2003، كە توانای هێزە تەناهییەكانی عێراق تەنیا بۆ ناوخۆیی دەست دەدات، نەوەك بۆ پاراستنی سنوورەكان و رێگرتن لە دزەكردن تیایان.

ئێوارەی دوێَنێ چوارشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاسایشی نیشتمانی لە عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە و سوپاسالاری پیشمەرگەی كوردستان كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی بابەتی دەستدرێژی و پێشێلكارییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر سنوورەكانی عێراق كرا، لەپاڵ بۆردمانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی ترسانی هاووڵاتییان و زیانگەیاندن بە خۆیان و موڵكوماڵیان، بۆیە ئەنجوومەنەكە بۆ وەستانی ئەو پێشێلكارییانە، لەپاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكان، ئەو بڕیارانەی دا:

1-دانانی پلانێك بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراقی بۆ گرتنەدەستی خاڵی سفری سنوورەكان، بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ ئێران و توركیا.

2-دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی پاڵپشتی لۆجیستی بۆ فەرماندەیی هێزەكانی سنوور و زیادكردنی توانای مرۆییان و دابینكردنی پارەی پێویست كەرەستەی سەربازی و هیتریش بۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.

3-بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە توانای مرۆییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ بەهێزكردنی بنكە تەناهییەكانی سنوورەكان.

4-هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یەك و دووی سەرەوە، ئەوەش بە مەبەستی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی سنوورەكانی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل