پارتی چەند بەرپرسێكی لە حكوومەت لادەبات

:: AM:10:41:25/11/2022 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لە حزب كردوویەتی ئێستە دەستی كردووە بە لادانی چەندین بەرپرسی لە كاروباری حكوومی و سەرقاڵی كاروباری حزبی دەبن.

ئەمڕۆ هەینی 25ـی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" گۆڕانكاری لە كاروباری ئەو كەسانە دەكرێ‌ لەناو پارتی سەركەوتوونە بۆ مەكتەبی سیاسی و و لە حكوومەت كارەكانیان كۆتایی دێ‌ و سەرقاڵی كاروباری حزبی دەبن ئەوەیش بەپێی بڕیاری كۆتایی پارتییە.

ئەو گۆڕانكارییانە لە ئێستەدا بووەتە بڕیار و حزبەکە هەوڵی دانانی كەسانی شیاو لە شوێنی ئەو بەرپرسانەی دابنێت و کە پێشتر لە حکوومەت و پەرلەماندا رۆڵیان هەبووە و لە کۆنگرەی 14ی پارتی لە سێ تا شەشی ئەم مانگە سەرکەوتن بۆ کۆمیتەی ناوەندی و دواتر مەکتەب سیاسیی. 

بەپێی زانیارییەکانی "وشە" لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئەو گۆڕانکارییانە روو دەدەن.

دوێنێ‌ مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەو گۆڕانكارییانەی لەناو پارتی كراون پێویست بوون، ئەو كەسانەی لە پۆستی حكوومین و لە پارتی پۆستیان وەرگرتووە، لادەبرێن و ئەو هەنگاوە دەستی پێ‌ كردووە.

زیاتر گوتی، كۆنگرە بۆ ئەو شتەیە چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بگونجێنێت تا لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستە بێ، هەروەها بەرنامەی نوێی پارتی بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئێستە كۆمەڵگەی كوردستان و سیاسەت پێویستییەتی ئەو هەیكەلیەی هەیەتی بتوانێ پرۆگرامی خۆی جێبەجێ‌ بكات، بگونجێت.



وشە - رامیار جەواد