لە ماوەی رابردوودا توركیا دەستی بە بۆردمانی چڕ بۆ ناوچەكانی باكوری سووریا كردووە، هاوكات هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی زەوینی لە ناوچە كوردییەكانی سووریا و هەرێمی كوردستانیش دەكات، ئەمڕۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا نیازی خۆی لەو هێرش و هەڕەشانە ئاشكرا كرد.
ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە وتەیەكی بە بۆنەی رۆژی دنیایی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، گوتی، مەبەستمان دامەزراندنی پشتێنەیەكی تەناهییە لە رۆژئاوا تا رۆژهەڵاتی سنوورەكانی باشووری توركیا، بە دامەزراندنی ئەو پشتێنەیەش كە لە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا دەبێت، بەرگری لە مافی ملیۆنان ژن و منداڵی بێ تاوان دەكەین.
روونی كردەوە، لە نزیكترین كات ئەو ناوچەیە بەدرێژایی سنوورەكانمان لە باشوور لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات دروست دەكەین.
بیرۆكەی ئەو پشتێنە تەناهییەی توركیا باسی دەكات، ساڵانێكە هەیە و ئەردۆغان دەیەوێ ناوچە كوردییەكانی باكوری سووریا بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر داببڕێت و خۆی لە رێگەی گرووپە توندڕۆكان سەرپەرشتی بكات، لەلایەك بۆ دابڕینی ئە ناوچانە لەگەڵ یەكتر، لەلایەكی تر بۆ سەپاندنی بوونی هێز و دەسەڵاتی لەناو خاكی سووریا، لەلایەكی تریش هێنانەوەی ملیۆنێك ئاوارە بۆ ئەو ناوچانە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی خۆ دەربازكردن لەو گوشارە ناوخۆییەی بەهۆی ئاوارە سوورییەكان لە توركیا تووشی هاتووەتەوە، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا نزیك بووەتەوە.
شایەنی باسە ئەو پشتێنە سنوورییەی توركیا باسی دەكات هەریەك لە كۆبانی و تەلرەفعەت و مینبەج دەگرێتەوە.