ناڕەزایەتییەكان بەردەوامن و ئاسایشی ئێران تەقە لە خەڵكی زاهدان دەكات

:: PM:07:41:25/11/2022 ‌

خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لە ئێران چووەتە ناو سێیەم مانگییەوە، كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/ سەری هەڵدا، ئەو كچە كوردەی بە دەستی پۆلیسی ئێران لە تاران شەهید كرا، ئەمڕۆ هەینی هێزە تەناهییەكانی ئێران جارێكی تر تەقەیان لە خۆپێشاندەرانی زاهدان كرد.

ئەمڕۆش هاوشێوەی رۆژەكانیتر خۆپێشاندان چەندان ناوچەی ئێرانی گرتەوە، لەوانە لە شاری چابەهار و زاهدانی پایەتەختی سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، كاتێك خۆپێشاندەران دروشمی دژ بە رابەری ئێرانیان دەگوتەوە، وەك ئێران ئینتەرناشیۆناڵ باسی دەكات.

دوێنێ ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە 25 دەنگی 47 ئەندامی رەزامەندی لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی ئاشكراكردنی راستییەكان دا لەبارەی دۆخی ئێران و سەركوتكارییەكانی لە ماوەی دوو مانگی رابردوو لەبەرانبەر خۆپێشاندەران لەو وڵاتە كراون، ئەوەش بۆ بەدیكۆمێنتكردنی رووداوەكان و ئەگەری لێپرسینەوە لەگەڵ تاران.

ئەنجوومەنەكە داوای لە ئێران كرد كاری كوشتن لە دەرەوەی یاسا و رفاندن ونكردنی خۆپێشاندەران و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەریان بوەستێنێت، هەروەها دەست لە هەراسانكردنی كەسوكاری قوربانیان هەڵبگرێ و مسۆگەری مافیان بۆ گەیشتن بە راستییەكان بكات، بەتایبەتی رێوشوێنەكان لە دژی كچ و ژنان بوەستێنێت. 

لەوكاتەی بەپێی رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەكان بۆ 419 كوژراو بەرز بووەتەوە كە 60یان منداڵن، دەیان پزیشكی ئەو وڵاتە وریایی لە كوێربوونی خۆپێشاندەران دەدەن، كاتێك لە پەیامێكدا كە واژووی 144 پزیشكی پسپۆڕی چاوی لەسەرە، ئاراستەی كۆمەڵەی پزیشكانی چاوی ئێران كراوە، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە ژمارەیەكی زۆری خۆپێشاندەران چاوێك یان هەردووچاویان لەدەست داوە، ئەوەش بەهۆی پێكانیان بە چەكی راوكردن لە كاتی خۆپێشاندانەكانەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل