راپۆرتێك: سیستمی سیاسی ئێستەی عێراق ئەوە نییە لە دەستووردا هەیە

:: PM:09:07:25/11/2022 ‌

عێراق وەك ئەو نەمامەیە كە بە خواری روابێت و گەشە دەكات، كەچی بێ گەڕانەوە بۆ كێشەی بنەڕەتی باسی گۆڕانكاری و راستكردنەوەی دەكرێت، راپۆرتێكی ئەمەریكی رەخنە لەوانە دەگرێت كە داوای گۆڕینی دەستووری عێراق دەكەن و دەڵێت، ئەو سیستمە پەرلەمانییەی هەیە هۆكاری شكستهێنانی عێراق نییە، بەڵكو سیستمە سیاسییەكەی ئەوە نییە لە دەستووردا هەیە.

راپۆرتێكی پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، ئەو سیستمە سیاسییەی لە عێراق هەیە، پێوەندی بەو سیستمەوە نییە كە دەستووری 2005 دیاری كردووە، بەڵكو سیستمێك و دەوڵەتێكی هاوتایە حزبە سیاسییە تایفییەكان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دایانمەزراندووە، ئەو رەخنانەشی لە سیستمی پەرلەمانی دەگیرێت، بەوەی كارا نییە و هۆكاری هەموو تەنگژەكانی عێراقە، وەك ئەوەی سەدرییەكان و عەسائیب و تشرینییەكان داوای گۆڕینی سیستمەكە بۆ سەرۆكایەتی و گۆڕینی دەستوور دەكەن.

راپۆرتەكە دەڵێت، چاودێر بۆ دۆخی عێراق بۆی دەردەكەوێ كە سیستمی سیاسی لە دوای 2003 ئەوە نییە لە دەستووری 2005 هاتووە، بەڵكو سیستمێكی هاوتای سیسمە سیاسییەكەیە و لەلایەن حزبە تایفییەكانەوە دانراوە، وەك ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان دەیخوازێت و دوور لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك، هەر ئەوەش وای كردووە دەستووری عێراق ببێتە شتێكی لاوەكی و كۆمەڵێك رێوشوێنی شێوەیی. 

بەپێی راپۆرتەكە حزبەكانی دەسەڵات یاسا سەرەكییەكانیان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان پشتگوێ خستووە، وەك یاسای نەوت و غاز و دەروازە سنوورییەكان و دەیان مادەی تری دەستوور، ئەوەش وڵاتی تووشی پشێوی و ململانێ و ناكۆكی گەورە كردووە، وەك كێشە هەڵپەسێرداوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.

وەك راپۆرتەكە دەڵێت، حزبە سیاسییەكان بوونەتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێكی فیدراڵی شێواو، ئەوەش لە رێگەی دادگەوە، كە لەبری ئەوەی بیلایەن كار بكات، بووە پاشكۆی حزب و بەرژەوەندی و گەندەڵییەكانیان، بەتایبەتی دوای ئەوەی حزبە سیاسییەكان دەستكاری دەستووریان كرد، دەسەڵاتی دادوەریش بەپێی بەرژەوەندی ئەوان مادەكانی لێك دایەوە.

لە كۆتادا راپۆرتەكەی پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، هێشتا دەستووری 2005 تاقی نەكراوەتەوە، بۆیە پاساوێك بۆ سیاسەتوان و چالاكان نییە بۆ هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی، ئەو سیستمە سیاسییەی هەیە، هاوتایە و لەلایەن حزبە تایفییەكانەوە دانراوە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو دوور لە یاسا و لە بەرژەوەندی ئەوان یاری پێ كراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل