ئەمەریكا: بەرهەڵستی هەر جموجۆڵێكی سەربازی لە سووریا دەكەین

:: PM:11:22:25/11/2022 ‌

هەفتەیەكە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی باكوری سووریا دەكات، هاوكات توركیا دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەندان ئامانجی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجام داوە، بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت وڵاتەكەی بەرهەڵستی هەر جموجۆڵێكی سەربازی لە سووریا دەكات، كە ببێتە مایەی شێوانی سەقامگیری ناوچەكە.

لە تۆڵەی تەقینەوەكەی 13ی ئەم مانگەی ئیستەنبووڵ، هەفتەی رابردوو توركیا هێرشی ئاسمانی چڕی كردە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكوری سووریا، كە وەك روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دەڵێت، بووەتە هۆی كوژرانی 67 هاووڵاتی مەدەنی و شەڕوانی هەسەدە.

ئەمڕۆ هەینی نیكۆلاس گرانگر، نوێنەری باڵای ئەمەریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا رای گەیاند، واشنتن بەتوندی بەرهەڵستی هەر جموجۆڵێكی سەربازی دەكات، كە دەبێتە هۆی شێوانی سەقامگیری ژیانی كۆمەڵكە و خێزانەكان لە سووریا، دووپاتی كردەوە كە ئەوان دەیانەوێ بەپەلە ئەو بابەتە كۆتایی بێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ئۆپراسیۆنەكەی توركیا.

ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا كە ئێستە لە سووریایە روونی كردەوە، پەرەسەندنەكانی دوایی بە شێوەیەكی قبووڵنەكراو مەترسیدارن و ئێمەش زۆر لێیانەوە نیگەرانین، دووپاتی كردەوە كە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانەوە سەربازانی ئەمەریكاش لە مەترسیدان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل