پەرلەمانتاران لەبارەی داڵدەدانی بكوژ و تاوانباران لەلایەن كەسانی یەكەمی حزبێكەوە باس لەوە دەكەن، كاتێك بكوژ ئازادانە بسووڕێتەوە، گرووپی مافیایی دروست دەبێت و هیچ كەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
ئەمڕۆ شەموو 26ـی تشرینی دووەم، ئازاد ئەكرەم سەرۆكی فراكسۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە، ئەو ئاسایشەی لە هەرێم هەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یاسا سەروەرە و كاری خۆی دەكات، دادگاكان سەربەخۆ كار دەكەن و رێ بە دروستبوونی ئاڵۆزی نادەن و ئەوەی سەرپێچی بكات سزا دەدرێت.
كاتێك كەسانێك بكوژ وەك پاڵەوان سەیر بكەن و نەیدەنە دادگا، كۆمەڵگە دڵنیایی تێدا دروست نابێت و خەڵك لە دڵەڕاوكێدا دەبن.
زیاتر گوتی، تاوانبار نابێ داڵدە بدرێت و بكوژ دەبێ لە هەر كوێیەك بێ رادەستی یاسا بكرێت، كاتێك كەسانێك بكوژ وەك پاڵەوان سەیر بكەن و نەیدەنە دادگا، كۆمەڵگە دڵنیایی تێدا دروست نابێت و خەڵك لە دڵەڕاوكێدا دەبن.
ئیدریس ئیسماعیل ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە "وشە"ـی راگەیاند، داڵدەدانی هەر تاوانبارێك، كارێكی زۆر خراپە و دەبێتە هۆی دروستبوون و پەیدابوونی گرووپی مافیایی و هەموو ئەوانەی كە لە لای دادگا داوا كراون، پشـتی یەكتر دەگرن و دەبنە كۆسپ، هەر كەسێك تاوانێكی گەورە ئەنجام بدات، پێوەندی بەو گرووپە مافیاییە دەكات.
زیاتر گوتی، وەك لە سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو سیستمی بەعسییەكان وابوو، هەرچی ئیشی خراپ بوو بە خەڵكانێك دەكرا و داڵدەیان دەدان، بەڵام لە كۆتاییدا بینیمان چی بەسەری ئەو رژێمە رووخاوە هات و عێراقیش وێران بوو، ئەوەی ئێستە لە هەرێم روو دەدات ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت و رێز لە یاسا نەگیرێت، هەر لایەنێك بە ئارەزووی خۆی كاری تیرۆریستی ئەنجام بدات، كاریگەریی زۆر خراپ لەم وڵاتە دەكات و دەبێتە هۆی لە دەستدانی متمانە، بەتایبەتی لەلای وڵاتانی دیموكراتی بڕوایان بەم ئەزموونە نامێنێت.
وشە/ تایبەت