لەبارەی سەعاتی پێدانی كارەبا بڕیار دەرچوو

:: AM:09:45:26/11/2022 ‌
وەزارەتی كارەبا لە پێناو پاراستنی وزەی كارەبا و زیادبوونی پێدانی ماوەكانی كارەبا بۆ هاوبەشان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، چەند بڕیارێك دەردەكات.

وەزارەتی كارەبا بۆ ڕێكخستنی پێدانی كارەبا و دادپەروەری لە پێدانی كارەبا، دوو بڕیاری گرنگی دەركرد و بە نووسراوی فەرمی، ئاگاداری تەواوی بەڕێوەبەراییەتییە گشتییەكانی كارەبای كردووەتەوە.

لە بڕیاری یەكەمدا هاتووە، بە هیچ شێوەیەك نووسراوی پێدانی سەرچاوەی دووەمی كارەبا بۆ یەك شوێن نابێ هەبێت، بەڵكو دەبێ هەموو هاوبەشانی كارەبا یەك كارەبای نیشتمانییان هەبێت.

لە بەشی دووەمی بڕیارەكەدا ئەوەیش هاتووە، پێدانی كارەبای بەردەوام نابێت بۆ هیچ شوێن و هاوبەشێك هەبێت و دەبێ هەموو لایەك یەك بڕ كارەبایان پێ بدرێت.

ئەوەیش باس كراوە، وەزارەتی كارەبا لە ڕێی لیژنەیەكی تایبەت، بەدواداچوون و پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنانەش دەكات كە دوو سەرچاوەی كارەبا یان كارەبای بەردەوامیان هەیە، ڕێكارەكان لەسەریان جێبەجێ دەكرێن.

شیاوی باسە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، خواست لەسەر كارەبا زیاد دەكات و بڕی كارەباش پێویستییەكان بە قورسی پڕ دەكاتەوە، بۆیە وەزارەتی كارەبا دەیەوێ زێدەڕۆیی و كارە نایاساییەكانی پێوەست بە كارەبا بنبڕ بكات.



وشە - رامیار جەواد