ماوه‌ی چوار مانگه له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی، بودجه‌ی تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاو‌دێر كه مه‌لا به‌ختیار سه‌رپه‌رشتی ده‌كات بڕاوه، كارمه‌ندانی چاودێریش بۆ مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێن، "بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ كۆنفرانسی دابڕان و فێمێنیزمی هه‌یه، پاره‌ی كارمه‌نده‌كانت نییه، به چی كۆنفرانس ده‌كه‌یت؟".
ئه‌مڕۆ شه‌موو 26ی تشرینی دووه‌م له هۆڵی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی، تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاو‌دێر، حه‌وته‌مین كۆنفرانسی پلاتفۆرمی دابڕان و پێنجه‌مین كۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگه‌ریی به‌ڕێوه ده‌بات.
میدیاكاران و كارمه‌ندانی تۆڕی چاو‌دێر، له راگه‌یه‌نراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ "وشه" هاتووه، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن له كاتێكدا ماوه‌ی چوار مانگه به‌هۆی ره‌فتار و سیاسه‌ت و ململانێكانی نێوان مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسی یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی و زاوای، مووچه‌كانیان بڕاوه و دواین مووچه‌یان له رێكه‌وتی 6/7/2022 وه‌رگرتووه، ئه‌وه‌ش مووچه‌ی مانگی شه‌ش بووه، له كاتێكدا مه‌كته‌بی دارایی و ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی مووچه‌ی مانگی 10ی دابه‌ش كردووه، واته مووچه‌ی چوار مانگیان فه‌وتاوه.
ئه‌وان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌رێی سه‌رنووسه‌ری سایته‌كان و لێپرسراوی تۆڕی چاو‌دێر خۆی، داوایان له مه‌لا به‌ختیار كردووه كه مشوورێكیان بخوات، چونكه هه‌موویان خاوه‌نی خزمه‌تێكی زۆرن و هه‌ندێكیان كرێچین، كه‌چی مه‌لا به‌ختیار خه‌مساردانه مه‌به‌ستیه‌تی به‌خۆبه‌خش كاری بۆ بكرێت، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌مای قسه‌كانی خۆی یه‌ك ناگرێته‌وه كه به‌رده‌وام له به‌رده‌م میدیاكان ده‌ڵێت، ناكرێت كه‌س به‌خۆڕایی كار بكات.
خۆ ده‌شكرێت له‌رێی پێوه‌ندییه تایبه‌ت و كه‌سییه‌كانته‌وه مشوورێكی ئێمه بخۆیت
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، ''بۆ ئێمه مایه‌ی شۆك بوو كاتێك باس له ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری ده‌كرێت، ده‌پرسین ئه‌و پاره‌یه‌ت له كوێ هێنا؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامت ئه‌وه‌یه سپۆنسه‌ره، خۆ ده‌شكرێت له‌رێی پێوه‌ندییه تایبه‌ت و كه‌سییه‌كانته‌وه مشوورێكی ئێمه بخۆیت و هیچ نه‌بێت نیوه‌ی مووچه‌كانمان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه. چاوه‌ڕێین مه‌لا به‌ختیار وه‌ڵامێكی بۆ نانبڕینی ئێمه هه‌بێت، ناكرێت له ژێره‌وه مانگانه جا له‌سه‌ر نه‌سریه‌ی خۆی بێت یان سپۆنسه‌ر، مووچه‌ی به‌شێكی كارمه‌ندانی نووسینگه‌ی خۆت و فێمینیزم بده‌یت. میدیاكارانی سایتی چاودێریش كه بناغه‌ی ده‌زگاكه‌تن، زۆربه‌یان له ماڵه‌وه بن و به‌شێكیشیان به‌ناچارییه‌وه روو له میدیاكانی تری حزب و كه‌سایه‌تییه‌كان بكه‌ن".
له سه‌عات 9:30 خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌موو، به به‌شداری زیاتر له 20 توێژینه‌وه و توێژه‌ر، حه‌وته‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی پلاتفۆرمی دابڕان له‌ژێر ناونیشانی "ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هه‌مووان"، پێنجه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی فێمینیزمی رۆشنگه‌ری له‌ژێر ناونیشانی "ژن گه‌وهه‌ری دیموكراسییه" ده‌ست پێ ده‌كات كه دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت، توێژه‌ره‌كان كه له وڵاتانی عه‌ره‌بی و عێراق و ئێرانه‌وه دێن.
پلاتفۆرمی دابڕان سه‌ربه تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ریی چاودێره، ئه‌مه بۆ ساڵی حه‌وته‌مه له‌سه‌ر یه‌ك كۆنفرانسی ساڵانه‌ی خۆی ده‌به‌ستێت و فێمینیزمی رۆشنگه‌ریش له چوار ساڵی رابردوودا چوار كۆنفرانسی كردووه.
وشه\ تایبه‌ت