راپۆرتێك: ئەمباری مووشەكی دوورهاوێژی رووسیا بەرەو كۆتایی دەچێت

:: PM:08:14:26/11/2022 ‌

هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد و چووەتە ناو 10یەم مانگییەوە، شەڕەكە زیاتر لە بۆردمانێكی سەختی رووسیا بۆ ژێرخانی ستراتیجی وزە و خزمەتگوزارییەكانی ئۆكرانیا چڕ بووەتەوە، راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە رووسیا جگە لە درۆن، پشت بە مووشەكی ئێرانیش دەبەستێت، ئەمڕۆش راپۆرتێكی هەواڵگری بەریتانی بەڵگە لەسەر كەمبوونەوەی ئەمباری مووشەكی رووسیا پێشكەش دەكات.

رووسیا كەوتووەتە ناو تەڵەی ئەمەریكا و رۆژئاوا و ناتۆ، چونكە هیچ رێگەیەكی تری نەبوو، بەڵام هەوڵ دەدا بە كەمترین زەرەر لێی دەرچێت، دەیەوێ سوود لە كات بۆ ماندووبوونی ئەوروپا و هاتنەوەی كۆمارییەكان لە ئەمەریكا ببینێت، لەلایەك بۆ كەمكردنەوەی تێچووی ئابووری پشت بە درۆن و مووشەكی ئێران دەبەستێت، لەلایەكی تر نایەوێ چەكە پێشكەوتووەكانی بخاتە گەڕ و بۆ ئەمەریكا ئاشكرا ببن و بە پارەیەكی زۆر لەسەری دەوەستن، بۆیە دەیەوێ شەڕەكە بەو شێوەی ئێستە بە رازیبوونی ئۆكراینا بە دابڕینی ناوچەكانی رووسیا خستنییە سەر خاكەكەی كۆتایی بێت، كە رەنگە بە سەركەوتن بۆ پوتین حسێب بێت.

ئەمڕۆ راپۆرتێكی هەواڵگری بەریتانیا رای گەیاند كە رووسیا پەنای بۆ مووشەكە بالیستییە دوورهاوێژە خاوەن كڵاوەی ئەتۆمی لە بۆردمانكردنی ئۆكراینا بردووە، ئەوەش دوای لابردنی كڵاوە ئەتۆمییەكانیان، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە بڵاوكراویەك لە تویتەر نووسیویەتی، وێنەی پاشماوەی تەقیوی مووشەكێكی بالیستی رووسیا كە بۆ سەر ئۆكرانیا هەڵدراوە، دەری دەخات كە لە ساڵانی هەشتای سەتەی رابردوو بۆ هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمی بەرهەم هێنراوە.  

زیاتر هاتووە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێ رووسیا كڵاوەی ئەتۆمی ئەو مووشەكانەی بە كڵاوەیەكی ئاسایی گۆڕسبێت و لەو شەڕەدا بەكاریان بێنێت، ئەوەش وای كردووە ئامانجی خۆیان وەك پێویست ناپێكن، دووپاتی كردەوە، مەبەستی رووسیا لەو كارە هەرچییەك بێت، ئاماژەیە بۆ كۆتاهاتنی ئەمباری مووشەكی دوورمەودای رووسیا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل