بودجەی عێراق كەی پەسند دەكرێت؟

:: PM:09:17:26/11/2022 ‌

چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵ دەدات حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی زیاترین دەسكەوتی هەبێت، ئەوەش بۆ رازیكردنی شەقام و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەتەكەی، لەلایەك بۆ شكستنەهێنانی و لەلایەكی تر بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵك، بۆ ئەوەش پێویست بە پەلەكردن لە پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەكات، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە بۆ وادەی پەسندكردنی بودجەكە دەكات.

غەریب عەسكەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد، تا ئێستە رەشنووسی یاسای بودجەی 2023ی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران لە داڕشتن و تاوتوێكردندایە، بڕیاریشە رەشنووسەكە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بگاتە پەرلەمان.

زیاتر گوتی، دوای گەیشتنی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پەرلەمان ناچێتە ناو پشووی یاسادانانی خۆی تا پڕۆژەیاساكە پەسند نەكات، پەرلەمانیش بۆ پەسندكرنی پێویستی لە مانگێك بۆ مانگێك و نیو هەیە، بەڵام رێككەوتنێكی سیاسی هەیە بە پەلەكردن لە تێپەڕاندنی یاساكە، بەهۆی گرنگی بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ ئەوەی حكوومەت بتوانێت بەرنامەی حكوومی پێوەست بە بودجە جێبەجێ بكات.   

لای خۆیەوە لە 21ی ئەم مانگە ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو رەوانەی پەرلەمان بكات، رەنگە ئاستی بودجەكە لە نێوان 128 بۆ 130 ترلیۆن دینار بێت، بە رێژەی كورتهێنانی كەمتر لە 25% لە كۆی گشتی پارەكە.

روونی كردەوە، نرخی بەرمیلێك نەوت لەناو پڕۆژەكە نازانرێت، بەڵام نرخی كۆتایی لە پەرلەمان دیاری دەكرێت، وەك ئەزموونی پێشوو نرخەكەی بە بەردەوام كەمتر لە بازاڕ دیاری كراوە، بۆیە پڕۆژەكە لە ماوەی 15 رۆژ لە ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتە روو و دوای ئەوە بۆ پەرلەمان رەوانە دەكرێت، پێشبینی دەكەین لە مانگی كانوونی دووەمی 2023 پەسند بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل