هاووڵاتییان: شاردنەوەی بكوژ شیرازەی كۆمەڵگە تێك دەدات

:: PM:09:38:26/11/2022 ‌

داڵدەدانی بكوژ و تاوانبارانی كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جاف لە لایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دۆخێكی خراپی كۆمەڵایەتی دروست دەكات، بەوهۆیەوە باندی مافیایی دروست دەبن و هانی هاووڵاتییان دەدرێت كە كوشتن ئەنجام بدەن و سەرەنجام دەپارێزرێن و داڵدە دەدرێن، ئەمەش وا دەكات هاووڵاتییان هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوكێدا بن و لە خۆیان و ماڵیان دڵنیا نەبن.

كاتێك تاوانبار رادەستی یاسا نەكرێ و رێگە نەدرێت سزا بدرێت، ئەمە دەبێتە هاندانێك بۆ ئەوەی تاوان روو لە زیادبوون بكا و بكوژیش ئەوەی مەبەستی بێت بەرانبەر بە هەر كەسێك بیكات، بۆیە هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن كە تا وڵات سەقامگیر و ئارام بێت، دەبێت تاوانبار سزا بدرێ و دادگە لێپرسینەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

یووسف ئەنوەر، هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی بە "وشە"ی گوت، كاتێك دەڵێین یاسا سەروەرە و دادگەكان دەسەڵاتی خۆیان هەیە، واتە دەبێت یاسا بەبێ هیچ دەستوەردانێك و بەلاڕێدابردنێك كاری خۆی بكات، ئەوەی دەیبینین ئەو فرەحزبییەی لە كۆمەڵگەی ئێمە یاسای خستووەتە ژێر پرسیارەوە، ئەوەش وای كردووە متمانە لەناو تاكەكانی كۆمەڵگە كەم بێتەوە، بۆیە دەبێت حكوومەت كاری خۆی بكات و یاسا بەرقەرار بێت، بەوەش كۆمەڵگە پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی تیادا دروست دەبێت.

زیاتر گوتی، بەڵام ئەگەر هاتوو لە بابەتی دووركەوتنەوە لە یاسا و رادەستنەكردنی بكوژ و داڵدەدانی تاوانبار پەناگە هەبوو، لە لایەك ئینتیمانی نیشتمانی نامێنێت و لە لایەكی تر متمانە بە داودەزگەكانی حكوومەت و یاسا كەم دەبێتەوە، هەروەها ئاڵۆزی دروست دەبێت، تاڵان و كوشتن و تاوان و دزی و خراپەكاری زیاتر دەبێت، كەس سڵ لە هیچ ناكاتەوە و هەركەس هەرچییەكی مەبەست بێت ئەنجامی دەدات، بۆیە ئەوكات خەڵك لەبری ئەوەی پەنا بۆ یاسا ببات، خۆی دەچێت كارەكە دەكا و پەنا بۆ كوشتن دەبات، بەوەش كوشتن روو لە زیادبوون دەكات.

ئەو هاووڵاتییەی سلێمانی ئاماژەی كرد، هەركاتێك تاك گەیشتە ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگە مافی خۆی وەربگرێت، ئەمە كارەساتی لێ دروست دەبێت، بۆیە هەر كۆمەڵگەیەك ئەوەی تیادابوو بەرەو قۆناغێكی خراپ هەنگاو دەنێت.

لای خۆیەوە سەربەست نازم، چالاكی سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك تاوانبار لە لایەن كەسە دەسەڵاتدار و حزبەكان داڵدە درا، ئەوكات دەبێتە هاندانێك كە خەڵك كاری تێكدەری زیاتر بكات، خەڵك بیر لەوە دەكاتەوە ئەگەر كێشەیەكی هەبێت، لە خەیاڵی خۆی دەڵێت ئەگەر كەسێك هەبێت من پەنا بدا و رامبگرێت لەوەی بدرێمە دەستی یاسا، منیش پەنا دەبەمە بەر كوشتن، ئەوكات باندێكی مافیاگەری دروست دەبێت، كە كۆمەڵگە وێران دەكەن.

روونی كردەوە، كوردستان كە ئێستە سەقامگیرە و هاوشێوەی وڵاتە مافیاگەرییەكان نییە، هۆكارەكەی ئەوەیە یاسا تیایدا سەروەرە و هێزە تەناهییەكان و داودەزگەكانی حكوومەت بە كاری خۆیان هەڵدەستن و دەستوەردان لە كاری دادگەكان ناكرێت، بۆیە ئەگەر یاسا نەبێت، وڵاتمان بەرگەی چەند سەعاتێك ناگرێت، ئەوانەشی داڵدەی بكوژ دەدەن، دواجار بۆیان دەردەكەوێت كە كاریگەرییە خراپەكانی ئەو كارانەیان چین.

پێوەست بەو پرسە جەمال عەلی، هاووڵاتییەكی ترە و بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هیچ كەسێك نییە لەم وڵاتە لەگەڵ ئەوەدا نەبێت یاسا كە سەروەر بێت و سزای كەسی سەرپێچیكار نەدرێت، بەڵام هەمیشە ئەوانەی دەسەڵاتییان لە حزب هەیە خۆیان بە سەرووی یاسا دەزانن، ئەوانەن وایان كردووە پشێوی و ئاڵۆزی كۆمەڵایەتی دروست ببێت، ئەگینا هاووڵاتی چینی خوارەوە هەمیشە یاسا بە باشترین رێگە بۆ هەر كار و تاوانێك دەزانن.

ئەو هاووڵاتییە دووپاتی كردەوە، تا ئێستە كوردستان شانازی ئەوەی هەیە كە سەقامگیرە، بەڵام بەو جۆرەی ئێستە تاوانبار بشاردرێتە لە یاسا، ئەنجامی خراپ بە رووی تاكی كۆمەڵگە دەبێت.



وشە - تایبه‌ت