مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە خواردنەوەی چەند لیتر ئاو دەبێت؟

:: AM:09:33:27/11/2022 ‌
گۆڤارێكی تایبەت بە تەندروستی، توێژینەوەیەكی لەبارەی پێویستیی رۆژانەی مرۆڤ بە خواردنەوەی ئاو بڵاو كردووەتەوە، توێژینەوەكە بۆچوونەكانی پێشتر رەت دەكاتەوە كە مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە هەشت كووپ ئاو هەیە، دووپات دەكااتەوە كە بەپێی جۆری كار و جووڵانەوەكان، مرۆڤ رۆژانە پێویستیی بە ئاو دەبێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 27ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، گۆڤاری "نیچەر"ی زانستی توێژینەوەیەكی لەبارەی پێویستیی رۆژانەی مرۆڤ بە ئاو بڵاو كردووەتەوە، لەو توێژینەوەیەدا پسپۆرانی بواری تەندروستیی، بۆ بۆچوونەی پێشتریان رەت كردووەتەوە كە مرۆڤ رۆژانە پێویستیی بە خواردنەوەی هەشت كووپ ئاو دەبێت. توێژینەوەكە بەپێی تەمەن و جۆری كار و جووڵانەوەكان، پێیوستیی رۆژانەی مرۆڤ بە ئاو دەستنیشان دەكات.

پسپۆران لە پەیمانگەی تەندروستی و خۆراكی ژاپۆن كە توێژینەوەكەیان ئەنجام داوە، ئاماژە بەوە دەدەن كە مەرج نییە مرۆڤ رۆژانە پێویستیی بە رێژەیەكی دیاریكراو بە ئاو هەبێت، بەڵكو ئەوە تەمەنی كەسەكان و جۆری كاریان و جووڵەكانیان دیاری دەكات تا چەند ئەو جەستەیە پێویستیی بە ئاو دەبێت.

پسپۆران دووپاتیان كردووەتەوە، بەپێی جیۆگرافی و ژیانی مرۆڤ لەو شوێنانەی لێ دەژین، بەپێی كەشوهەوای سارد و گەرم، پێمان دەڵێ تا چەند مرۆڤ رۆژانە پێویستیی بە ئاو دەبێت، هاوكات كەسانی وەرزشوان، رەگەزەكانی مرۆڤ، ژنی دووگیان، دایكی شیردەر، ئەو كچ و ژنانەی كە ئاستی سوڕی مانگانەیان زۆرە، بۆ هەر یەكێك لەوانە رۆژانە رێژەی ئاویان پێویست دەبێت.

دواتریش توێژینەوەكە بەشێوەیەكی گشتی ئاماژەی بە دوو لیتر ئاو كردووە كە مرۆڤ ئەگەر بتوانێ ئەو رێژەیەی ئاو رۆژانە بخواتەوە. چونكە پسپۆران دووپات دەكەنەوە كە زۆر خواردنەوەی ئاو بۆ مرۆڤ زیانی نابێت، بەڵام باشترە بەگشتی رۆژانە دوو لیتر ئاو بخورێتەوە و جەستەیش هەر ئەوەندە پێویستیی بە ئاو دەبێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د