له ئه‌نجامی قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵواسینی هه‌موو دروشم و وێنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی گواستنه‌وه‌ی شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا، ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ڕ خه‌ریكی تاوتوێكردنی سزادانی به‌ریتانیایه، ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی كێشانه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانه زه‌به‌لاحه‌كانی ده‌وحه له كه‌رته گرنگ و ستراتیجییه‌كانی شاری له‌نده‌ن و له سه‌رووی هه‌موویشیانه‌وه پرۆژه‌كانی گاز، به سه‌پاندنی ئه‌م سزایه‌یش له‌لایه‌ن قه‌ته‌ڕه‌وه به‌سه‌ر به‌ریتانیا، شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا تووشی زیانێكی گه‌وره ده‌بێت، به تایبه‌ت كه ئێسته به‌ریتانیا و ته‌واوی ئه‌وروپا به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی گاز له‌لایه‌ن ڕووسیاوه و هه‌نارده‌كردنی بۆ ئه‌و وڵاتانه له ته‌نگژه‌یه‌كی قورس و گه‌وره‌دان.
ئێسته قه‌ته‌ڕ ته‌نیا فه‌رمانی چاوخشاندنه‌وه به وه‌به‌رهێنانه زه‌به‌لاحه‌كانی له له‌نده‌ن ده‌كات و له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبوونی هه‌ڵوێستی به‌ریتانیایش به‌مشێوه‌یه‌ی ئێسته له دژایه‌تیكردنی ئه‌نجامدانی مۆندیال له قه‌ته‌ڕ، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ده‌وحه وه‌به‌رهێنانه‌كانی بكشێنێته‌وه، كه به ملیاران دۆلارن و له سێكته‌ره گرنگ و ستراتیجییه‌كانی ئه‌و وڵاته خراونه‌ته گه‌ڕ، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی قه‌ته‌ڕیش دوای ئه‌وه هات كه ده‌سته‌ی گواستنه‌وه‌ی گشتی له له‌نده‌ن به فه‌رمی بڕیاری ده‌ركرد، كه هه‌موو ریكلام و دروشمێكی تایبه‌ت به مۆندیال له قه‌ته‌ڕ قه‌ده‌غه‌كراوه و ڕێگه‌پێدراو نییه، به‌ر له ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌یش له‌سه‌ر پاس و ترام و ئامرازه‌كانی تری گواستنه‌وه‌ی گشتی، ریكلام و دروشم و وێنه‌ی تایبه‌ت به مۆندیالی 2022 له قه‌ته‌ڕ چه‌سپێنرابوون، به‌ڵام دوای ئه‌و بڕیاره سه‌رجه‌م ئه‌و وێنه و ریكلامانه لێ كراونه‌ته‌وه.
قه‌ته‌ڕییه‌كان به‌و دژایه‌تییه زۆره‌ی كه وڵاتانی ڕۆژئاوا به گشتی و هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا به تایبه‌تی، هه‌ست به جۆرێك له بێ ئومێدی به‌رانبه‌ر به‌و هاوبه‌شایه‌تییه ستراتیجییه‌ی له نێوان قه‌ته‌ڕ و ئه‌و وڵاتانه هه‌یه، ده‌كه‌ن. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ قه‌ته‌ڕ له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری ئه‌وروپایش هه‌نگاوی هاوشێوه بگرێته‌به‌ر، چونكه له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به ده‌یان ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانی قه‌ته‌ڕی بوونی هه‌یه، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی له خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌دایه، به‌ڵام به كشانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه زه‌به‌لاحه‌ی پاره‌ی وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن قه‌ته‌ڕه‌وه، ئه‌و وڵاتانه تووشی زیانی گه‌وره ده‌بن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابوورییان دروست ده‌بێت.
به ملیاران دۆلاری خستووه‌ته وه‌به‌رهێنانه‌وه له نۆژه‌نكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ستراتیجی له‌نده‌نه‌وه.
هۆكاری ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌سته‌ی گواستنه‌وه‌ی گشتی له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه حكوومه‌تی ده‌وحه به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشم و وێنه‌ی تایبه‌ت به ئاڵا و لۆگۆی هاوڕه‌گه‌زخوازانی له‌میانه‌ی یارییه‌كانی مۆندیال له‌و وڵاته به ته‌واوی قه‌ده‌غه كردووه، داوای له هه‌ڵبژارده و هانده‌رانی سه‌رجه‌م وڵاتان كردووه، كه ڕێز له كولتوور و نه‌ریت و ئاینی ئیسلام له كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بگرن و ئه‌و دروشمانه به‌رز نه‌كه‌نه‌وه و له شوێنه گشتییه‌كان و له‌ناو یاریگه‌كان خواردنه‌وه كحوولییه‌كان نه‌خۆنه‌وه.
بابه‌تی ڕێگرتنی به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی هاوڕه‌گه‌زخوازان به بڕوای قه‌ته‌ڕ زۆر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تركراوه، ئه‌مه‌یش وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕۆژئاوای له پشته و ده‌یانه‌وێ به‌مشێوه‌یه شكست به سه‌ركه‌وتوویی قه‌ته‌ڕ له پێشوازیكردن له مۆندیالی 2022 بهێنن و وێنه‌ی قه‌ته‌ڕ له چاوی خه‌ڵكی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان بچووك بكه‌نه‌وه. بۆیه بابه‌ته‌كه به ته‌واوی به سیاسی كراوه و ئامانجێكی سیاسی له پشته‌وه‌یه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات قه‌ته‌ڕ ده‌ستكراوه بێ له كاردانه‌وه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی دژی ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌وڵی بچووككردنه‌وه‌ی قه‌ته‌ڕ له چاوی وڵاتانی جیهان ده‌ده‌ن و به وڵاتێكی دواكه‌وتوو پێناسه‌ی ده‌كه‌ن.
ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمزی به‌ریتانی له زاری كه‌سێكی ئاگه‌داره‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گواستنه‌وه‌ی گشتی له‌نده‌ن، كه خودی شاره‌داری له‌نده‌ن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و سادق خانی ناوه به فه‌رمی پێوه‌ندی به لیژنه‌ی قه‌ته‌ڕ 22 كراوه، كه سه‌رپه‌رشتی پاڵه‌وانیه‌تیی جامی جیهانی ده‌كات و هاوكات ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتیاری قه‌ته‌ڕ به‌شێكه له‌و لێژنه‌یه كراوه، به ڕوونی پێی ڕاگه‌یاندوون، كه به‌خشینی پاره بۆ داپۆشینی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی به وێنه‌ی تایبه‌ت به ئه‌نجامدانی مۆندیال له قه‌ته‌ڕ و چالاكییه‌كانی له له‌نده‌ن قه‌ده‌غه‌كراوه. ئه‌مه‌یش به‌و مانایه دێ، كه پارێزگاری شاری له‌نده‌ن به فه‌رمی دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه چالاكییه‌كانی وڵاتی قه‌ته‌ڕ له له‌نده‌ن قه‌ده‌غه‌كراون، له كاتێكدا ئه‌و وڵاته به ملیاران دۆلاری خستووه‌ته وه‌به‌رهێنانه‌وه له نۆژه‌نكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ستراتیجی له‌نده‌نه‌وه.
قه‌ته‌ڕ به فه‌رمی ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه چاو به وه‌به‌رهێنانه‌كانی له له‌نده‌ن ده‌كشێنێته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته ڕوون نییه كه به فه‌رمی وه‌به‌رهێنانه‌كانی ده‌كشێته‌وه، یان ئه‌وه ته‌نیا گه‌یاندنی په‌یامێكه به له‌نده‌ن، تا ئه‌گه‌ر له‌و بڕیاره په‌شیمان نه‌بنه‌وه، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی توند و به‌هێزی ده‌بێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش قه‌ته‌ڕ خاوه‌نی زنجیره ماركێته‌كانی هارۆدز و شارد و پشكی زۆر و گه‌وره‌ی له ده‌یان پرۆژه‌ی ستراتیجی له‌نده‌ن هه‌یه، به تایبه‌ت له بواری ده‌سته‌به‌ركردن و دابه‌شكردنی گاز به‌سه‌ر له‌نده‌ندا و وه‌به‌رهێنانی ئه‌و وڵاته به ته‌نیا له له‌نده‌ن به زیاتر له 10 ملیار دۆلار ده‌خه‌ملێنرێت.