نێچیرڤان بارزانی و موسەنا سامەڕایی كۆ بوونەوە

:: AM:10:38:27/11/2022 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم كۆ بووەوە و دووپات لە پێویستی و گرنگیی هاریكاری هاوبەشی هێز و لایەنە عێراقییەكان، بۆ تێپەڕاندنی سەختییەكان و پشتگیری لە حكوومەتی نوێی فیدراڵی بۆ سەرخستنی كارنامەكەی كرایەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی تشرینی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ موسەننا سامەڕایی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دواین پێشهاتە سیاسی و تەناهییەكانی وڵاتیان تاوتوێ كرد. دووپاتیان لە پێویستی و گرنگیی هاریكاری هاوبەشی هێز و لایەنە عێراقییەكان، بۆ تێپەڕاندنی سەختییەكان و پشتگیری لە حكوومەتی نوێی فیدراڵی بۆ سەرخستنی كارنامەكەی كردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە شاندی یاوەری نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەك لە سەركردەكانی هاوپەیمانیی عەزم ئامادەی بوون، هەردوولا دووپاتیان لە برەودان بە گیانی پێكەوەیی و هاووڵاتیبوون و كاركردنی هەموو لایەنەكان وەك تیمێك كردەوە.

ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدایە، ئێستە دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق جێگیر نییە، لە سەردانەكەی ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەكی تر لە سەركردە و بەرپرسانی باڵای عێراق دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام دەدات.



وشە - رامیار جەواد