شاندی حكوومەت چووە بەغدا

:: AM:11:20:27/11/2022 ‌
ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە، سەردانی بەغدا دەكات بە مەبەستی گفتوگۆكردن و ڕێككەوتن لەسەر بودجە و شایستە داراییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

چوونی ئەم شاندە یەكەم شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەردانی بەغدا دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، دۆسیەی مادەی 140 و دۆسیەی نەوت و گاز، شایستەی هەرێمی كوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەكان، بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەكانی پێشمەرگە و بابەتەكانی تری وەك پڕۆژەیاساكانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).

شاندەكە لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكدێت.

جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەین چ لەسەر دۆسیەی نەوت یان میلاكات و مادەی 140 و پێشمەرگە و... داتاكان ئامادەن و‌ پێشتریش ئەمانە لە ڕێی دیوانی چاودێریی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دراوە بە دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەموو ژمارەكانیش یەكلا كراونەتەوە، بەڵام دەمێنێتەوە سەر دانیشتن و گفتوگۆكانی ئەمڕۆ و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوەی لە بودجەی عێراق ئەو بڕە پارەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دایناوە دابنرێت.

باسی لەوەش كرد، لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەی هێز و لایەنە سیاسییە‌كانی عێراق كردیان و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا، دەبێت هەموو لایەك پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە بابەتی بودجەیە.

بە گوتەی جووتیار عادل، بابەتێكی تری چوونی شاندەكە بریتییە لە شایستەكانی هەرێمی كوردستان كە 17%یە،‌ بەڵام بەپێی دواین سەرژمێری چاوەڕوانكراوی وەزارەتی پلاندانی عێراق 14%یە، دەبێت لەسەر ئەو ژمارانە كار بكەین، ئەوەی لای ئێمە گرنگە دەبێت مافی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەین ئەوەش لە ڕێی گفتوگۆوە. 



وشە - رامیار جەواد