مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد. شاندی كۆنگرێس ئاماژەیان بە پێوەندیی بەهێز و تایبەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرد، بەناوی كۆنگرێسەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان وەك ئەزموونێكی دیموكراسیی سەركەوتوو لە عێراق دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد كە لە ئەندامانی كۆنگرێس ئەلیسا سلۆتكین، كۆلین ئۆڵرێد، كاتی پۆرتەر پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەلینا ڕۆمەناوسكی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و دواین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە، گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان كرا.
شاندی كۆنگرێس ئاماژەیان بە پێوەندیی بەهێز و تایبەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرد، بەناوی كۆنگرێسەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان وەك ئەزموونێكی دیموكراسیی سەركەوتوو لە عێراق دووپات كردەوە. هەروەها ستایشیی دۆخی ئازادیی ئاینی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد.
سەرۆكی حكوومەت سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ئەمەریكای كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەرێكی سەقامگیری و ئارامیی دەبێت لە عێراق و ناوچەكەدا. دووپاتیشی كردەوە كە ئێستە دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ئەوەی حكوومەتی فیدراڵی، خزمەتی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بكات و لەسەر بنەمای دەستوور و كارنامەی وەزاری، كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكات.
چاكسازییەكانی كابینەی نۆ بەتایبەتی چاكسازی و پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو.