لە بەغدا سكاڵا لەسەر ترەمپ و پۆمپیۆ و كازمی تۆمار دەكرێت

:: PM:04:54:27/11/2022 ‌

لە سەرەتای ساڵی 2020 قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك لە هاوەڵانیان كرانە ئامانجی درۆنێكی ئەمەریكی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا و هەموویان كوژران، وەك لە بەڵگەنامەیەكدا هاتووە كە برایەكی موهەندیس و ژمارەیەك كەسی تر سكاڵای یاساییان لەسەر هەریەك لە ترەمپ و پۆمپیۆ و كازمی تۆمار كردووە.

وەك لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە، برایەكی موهەندیس بەناوی محەمەد حەسەن جەعفەر و كۆمەڵێك سكاڵاكار، ئەمڕۆ یەكشەم سكاڵای یاساییان لەسەر چەند كەسایەتییەكی ئەمەریكی و عێراقی تۆمار كردووە، لەوانەش مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئەوكات، بە تۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەكە.

بەپێی بەڵگەنامەكە براكەی موهەندیس و 76 كەسی تر، سكاڵای یاساییان لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریكا و مستەفا كازمی، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری و زیا مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی نیشتمانی و بریكاری هەواڵگری سەربازی تۆمار كردووە، ئەویش بە تۆمەتی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، سكاڵاكەش لە سێیەم داگەی كەرخی بەغدا تۆمار كراوە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل