لەسەر پۆستێك بووە شەڕی دوو عەشیرەت

:: PM:05:11:27/11/2022 ‌

لە عێراق وای لێ هاتووە بۆ چارەسەركردنی هەموو شتێك پەنا بۆ چەك و عەشیرەت ببرێت، رووداوی هاتوچۆ لە شەقام و دەمەقاڵی خەڵك و مردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان و دەیان رووداوی تر، لەبری چارەسەركردنیان پەنا بۆ هۆز و كەسوكار و چەك دەبرێت، واتە چەكی هۆزەكان بووەتە ئامرازێكی تۆقێنەر لەناو كۆمەڵگە، جا ئەگەر تێكەڵی سۆشیال میدیای بێ یاسا و سنوور بێت، كارەسات دروست دەبێت.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگەی زیقاڕ لە باشووری عێراق رای گەیاند كە شەڕێكی عەشایەری بە چەك رووی داوە و هۆكارەكەشی فەیسبووك بووە، كاتێك لە گوندی ئال جەبارە لە شارۆكەی شەترە لە باكوری زیقاڕ، بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستێكی فەیسبووك، بووەتە شەڕی هۆزەكان و هەردوولا چەكی ناوەندیان بەكار هێناوە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، دوای رووداوەكە هێزە تەناهییەكان ناوچەكەیان گەمارۆ داوە و كۆنترۆلی دۆخەكەیان كردووە، هەردوولاش رێككەوتنیان لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی پێنج رۆژ كردووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل