ئەو خۆراكانە لەگەڵ چادا مەخۆ

:: PM:06:45:27/11/2022 ‌

چا یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی خواردنەوە لە دنیادا، هەندێك لە مرۆڤەكان ئەوەندە خوویان پێوەی گرتووە، تەنانەت لەكاتی بێكاریدا پەنا بۆ خواردنەوەی دەبەن، پێش و دوای ژەمەكان و لەكاتی مێوانداری و لەسەر كار و بە تەنیایی و لەكاتی جگەرەكێشان هەر پەنای بۆ دەبەن، شارەزایانی تەندروستی باسی سوودەكانی چا دەكەن، هاوكات زیانیشی هەیە، لەوانە گونجاو نییە لەگەڵ ژمارەیەك خواردن بخورێت.

شارەزایان رێنوێنی خواردنەوەی چا دەكەن، چونكە پێكهاتەكانی دژە بەكتریان، یارمەتی كەمكردنەوەی كۆلیسترۆل و پەستانی خوێنیش دەدەات، بەڵام نابێت شەكری زۆر تیادا بێت یان تێكەڵی شیر و هەندێك شیرینكەر بكرێت، چونكە ئەوكات دەبێتە خواردنەوەیەكی كالۆری بەرز.

یەكێك لەو خۆراكانەی نابێت چای لەگەڵ بخورێتەوە، شیرینی وەك بسكویتە، كە لە ئارد دروست دەكرێت، چونكە ئەگەری تووشبوون بە قەبزی و بەرزبوونەوەی رێژەی ترشی زیاتر دەكات، هەروەها باشترە لەكاتی خواردنی سەوزەی وەك سپێناخ و لۆبیا، چا نەخورێتەوە كە بە ئاسن دەوڵەمەندن، چونكە پێكهاتەكانی چا دەبێتە رێگر لەبەردەم مژینی ئاسنەكە، كە سوودی زۆری هەیە.

هەروەها زۆرێك لەتێك لیمۆ دەخەنە ناو چا بەو پێیەی تامێكی خۆشی پێ ببەخشێت، لەوكاتەی ئەو تێكەڵەیە ترشی گەدە و باكردن زیاتر دەكات، جیا لەوە لەكاتی خواردنەوەی چا نابێت خواردنی دەوڵەمەند بە زەردەچەو بخورێت، چونكە كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس دروست دەكات، لەپاڵ ئەوەی نابێت یان باش نییە چەرەزات لەكاتی خواردنەوەی چادا بخورێت، چونكە مادەی تانین كە لە چادا هەیە، رێگری لە مژینی مادە خۆراكییە بەسوودەكانی ناو چەرەزاتەكە دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل