ئێران بۆچی سوودانی بانگهێشت كرد؟

:: PM:09:55:27/11/2022 ‌

دوێنێ لە میانی كۆبوونەوەیەكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵوێزی ئێران لە بەغدا، بانگهێشتنامەیەكی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران گەیەندرایە محەمەد شیاع سوودانی، ئەویش قبووڵی كرد، بۆیە بڕیارە سەردانی ئێران بكات، بەڵام بۆچی تاران بانگهێشتی سوودانی دەكات؟

عەبدولقادر نایل، ئەندامی میساقی نیشتمانی عێراق دەڵێت، سەردانەكە لە چوارچێوەی دانەوەی چاكەیە بۆ ئێران، چونكە ئەگەر تاران نەبوایە، سوودانی نەیدەتوانی حكوومەتەكەی بە چاودێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابەشبوو پێك بێنێت، بەتایبەتی كە لە زۆرینەی هێزەكانی ناو چوارچێوەكە هەڵگەڕایەوە و بەرەو جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی نووری مالیكی هەنگاو نا.

زیاتر گوتی، بۆیە حكوومەتی سوودانی لە حكوومەتی چوارچێوەوە بووەتە حكوومەتی نووری مالیكی، ئەوەش پێویستی بە پاڵپشتی بەردەوامی ئێران هەیە، هەرچی هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستانە، تا ئێستە سوودانی و چوارچێوە سەركۆنەی هێرشەكانی سەر سەروەری عێراقیان نەكردووە، بۆیە پێ دەچێت رێككەوتنێكی پێشوەختە لەو بارەوە هەبێت، چونكە مەبەستی هەڕەشەكان ناچاركردنی حكوومەتی هەرێمە بە چوونی حەشدی شەعبی بۆ ناو هەرێم. 

نایل دەڵێت، بەڵگە تر لەسەر ئەوەی سوودانی خواستەكانی ئێران لە دۆسیەی هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێ دەكات، ئەوەیە ئێران سكاڵای لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی عێراق تۆمار كرد، كەچی حكوومەتی سوودانی ئەوەی نەكرد، لەو كاتەی ئێرانە كە بە مووشەك بۆردمان دەكا و هەڕەشەی داگیركردنی خاكی عێراق دەكات.

ئەو سیاسەتەوانە روونی كردەوە، ئەگەری هەیە ئێران هەنگاوەكانی بۆ سازكردنی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بوەستێنێت، ئەوەش بە پاساوی خاتر و پاڵپشتی بۆ سوودانی، بۆ ئەوەی وەك كاریگەر لە ناوەندی سیاسی لە عێراق و ناوچەكە پێشانی بدات، بەو پێیەی توانی قەناعەت بە ئێران بكات، جیا لەوە ئێران بە مەترسی هاتنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەزانێت، لەوەی ببێتە پاساوێك بۆ لێدانی، وەك ئەوەی عێراق بە داگیركردنی كوێت بەسەری هات.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل