جینۆسایدی سەیدسادق بڵاو كرایەوە

:: PM:08:55:16/01/2023 ‌

یەكەمین كتێب لەسەر "جینۆسایدی سەیدسادق"، لە نووسینی فەرمان حوسێن دەروێش، لە دووتوێی 370 لاپەڕەدا، لەلایەن چاپخانەی حەمدییەوە چاپ و بڵاو كرایەوە، كە باس لە هۆكار  و بڕیاری جینۆسایدی سەیدسادق و پاڵنەرەكانی ئەنجامدانی ئەو تاوانە و دەكات.

لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە فەرمان حوسێن بە "وشە" دەڵێت، ئەم كتێبە باسێكی گشتییە لەبارەی چەمك و زاراوەی جینۆساید، باسی ئەنجامدانی لەلایەن حكوومەتی بەعسەوە لە باشووری كوردستان و جینۆسایدی شارۆكەی سەیدسادق بەتایبەتی دەكات.

زیاتر گوتی، بەشێكی تری كتێبەكە تایبەتە بە باسی جوگرافیای سەیدسادق، ژیان و كشتوكاڵ و لایەنی رۆشنبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و سیمبولەكانی شار  و  بەرەنگاریی هاووڵاتییانی دژی بە حكوومەتی بەعس تا جەنگی ئێران- عێراق و دوا ساتەكانی ژیان لە سەیدسادق و خاپووركردن و جینۆسایدكردنی.

نووسەر روونی كردەوە، لە بەشێكی تردا باس لە هۆكار و بڕیاری جینۆسایدی سەیدسادق و پاڵنەرەكانی ئەنجامدانی ئەو تاوانە و بڕیاردەرانی ئەو تاوانە دەكەم، هەروەها باس لە چۆنیەتی ورووژاندنی ئەو دۆسیەیە لەلایەن پارێزەرانەوە و چۆنیەتی قەرەبووكردنەوە و جۆرەكانی قەرەبووكردنەوەی ئەو شارۆكەیە كراوە، لە كۆتاییدا چەندان وێنەی دەگمەن و جۆراوجۆر وابەستە بە بابەت و شارۆكەكە دانراوە.

كتێبی "جینۆسایدی سەیدسادق"، لە نووسینی فەرمان حوسێن دەروێشە لە دووتوێی 370 لاپەڕە لە لایەن چاپخانەی حەمدییەوە چاپ و بڵاو كراوەتەوە، ئێستە لە كتێبخانەكاندا بەردەستە.

شایەنی باسە فەرمان حوسێن دەروێش، لەدایكبووی ساڵی 1988ە و بەكالۆریۆس و ماستەری لە دەروونناسیدا هەیە، خوێندكاری دكتۆرایە و لە سەیدسادق نیشتەجێیە، سێ بەرهەمی تری چاپكراوی هەیە كە بریتین لە، (جینۆسایدی هەڵەبجە) و (ئایدۆلۆژیای بەعس) و (سایكۆلۆژیای بەعس).

سلێمانی/ ئاسان محەمەد





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل