دووشەم ماملێ‌ لە هەولێر دەبێت

:: AM:09:52:21/01/2023 ‌
بڕیارە ڕۆژی دووشەم لە هەولێر، یادی 24 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەندی محەمەدی ماملێ‌ بكرێتەوە و چەند چالاكییەك بەڕێوە بچن.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوئاهەنگی رێكخراوی پەرەپێدانی كاری راگەیاندن لەژێر ناونیشانی "ماملێ.. چریكەی ئەوین و ئازادی"، یادی 24 ساڵەی كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە دەكاتەوە.

یادكردنەوەكە لە رۆژ دووشەم سەعات پێنجی ئێوارە دەبێت لە هۆڵی پێشەوا لەناو باڵەخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان.

محەمەدی ماملێ لەدایكبووی دووی حوزەیرانی 1925یە و لە 13ی كانوونی دووەمی 1999 كۆچی دوایی كرد، گۆرانبێژێكی ناوداری كوردە و خەڵكی مەهابادە. ناوی محەمەد كوڕی سەعید كوڕی عەلییە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەهلەوی و سەعادەت لە مەههاباد تەواو كردووە. نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەك خۆی باسی دەكات كە باوكی نەخوێندەوار بووە و كاتێك سەرژمێری گشتی هاتووە بۆ نووسینی ناوی لێیان پرسیوە ناوی خۆت و باوكت چییە، ئەویش گوتوویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملێ، چونكە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەكردندا بەكار ناهێنن ئیتر خەڵك لەوە بەولاوە هەر دەڵێن ماملێ. 

محەمەد ماملێ پیاوێكی لەسەرخۆ و هێمن و لێبوردە بووە، زۆر بە وەفا بووە بەرانبەر خزم و دۆست و ناسیاوەكانی. ماملێ سێ ژنی هێناوە.

بنەماڵەی ماملێ هەموویان لە سەرەتاوە تا ئێستە دەنگێكی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان هەبووە. هەر ئەم بۆمانەوەیەشە بووەتە هۆی ئەوەی هانی ئەم هونەرمەندە بدات لە منداڵییەوە هونەر بكاتە هاوڕێی خۆی و ببێت بە یەكێك لە شۆڕەسوارانی هونەری كوردی. یەكەم گۆرانی كە دەرگای هونەری پێ كردەوە گۆرانی (ڕۆیی بەجێی هێشتم). 



وشە - رامیار جەواد