عەلی عەلاق بۆچی و چۆن گەڕایەوە؟

:: PM:09:40:23/01/2023 ‌

لە عێراق تەنیا دەموچاوەكان دەگۆڕێن، دوای گۆڕانی هەر حكوومەت و دەسەڵاتێك، دەست و پێوەندەكانیشیان دەگۆڕێن و سەر لە نوێ دەست پێ دەكەنەوە، بەكورتی پێڕ و تاخمەكە پێك دێنن و ئەوەی بیانەوێ بێ دەنگ ئەنجامی دەدەن، لەوكاتەی هۆكاری هەڵكشانی نرخی دۆلار دیارە و راپۆرتەكان بەجوانی روونیان كردووەتەوە كە دەبێت عێراق چی بكات، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حكوومەتەكەی خەریكی پلانەكانیانن بۆ كۆنترۆڵكردنی تەوای كایەكانی دەوڵەتی عێراق، ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی لادرا و كەسێكی نزیك لەخۆیان داناوە.

شەوی رابردوو سەرانی چوارچێوەی هاوئانگی لە ماڵی هادی عامری لە بەغدا كۆ بوونەوە، سەركردەیەكی دیاری چوارچێوەكە ئاشكرای دەكات كە بڕیاری لادانی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی بە رێككەوتنی سەرانی چوارچێوە و سوودانی هاتووە، كاتێك شەوی رابردوو لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە بەغدا كۆ بوونەتەوە.

زیاتر گوتی، بڕیاری لادانی موخیف بە زۆرینەی دەنگی سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دراوە و سەرۆك وەزیرانیش پاڵپشتی لێ كردووە، هەروەها دیاریكردنی عەلی موحسین عەلاق، وەك پارێزگاری نوێ بە دەنگدانی دەستەی سەرۆكایەتی چوارچێوە بووە و سوودانیش پاڵپشتی لێ كردووە، كاتێك ماوەی سێ مانگ بە عەلاق دراوە و لەو ماوەیە هەڵسەنگاندن بۆ كار و تواناكانی دەكرێت، دوای دیاریكردنیشی عەلاق ئامادەی كۆبوونەوەكە لەگەڵ سەرانی چوارچێوە و سوودانی بووە. 

دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی سوودانی بە لادانی مستەفا موخیف، سەجاد سالم، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بانكی ناوەندی عێراق تۆمەتبار كرد، ئەو گوتی، تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار پێوەندی بە پارێزگاری بانكی ناوەندییەوە نییە، بۆیە لادانی چارەسەری تەنگژەكە ناكات و لادانەكە نابێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، بەڵكو رەنگە ئەو هەنگاوە كاریگەری نەرێنی مەترسیداری هەبێت، چونكە دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دارایی.

روونی كردەوە، هۆكاری سەرەكیی هەڵكشانی نرخی دۆلار بردنەدەرەوەیەتی، هەرچی لادانی مستەفا موخیفی پارێزگاری بانكی ناوەندییە، هۆكارەكەی ئەوەیە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبەر هۆكاری سیاسی نەوەك ئابووری پێوەست بە نرخی دۆلارەوە پارێزگارەكە دەكەنە ئامانج، هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیانەوێ كۆنترۆڵی بانكی ناوەندی عێراق بكەن، بۆیەش عەلی موحسین عەلاقیان كرد بە پارێزگاری بانكەكە. 

ئەمڕۆ دووشەم جگە لە لادانی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، كە لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی پاڵپشتیكراو لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، دەیانەوێ لەو پۆستە لای بدەن و هەڵكشانی نرخی دۆلاریش باشترین پاساو و هەلی بۆیان رەخساند بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی بانكی ناوەندی، سوودانی بڕیاری خانەنشینكردنی بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراقیشی دا، كاتێك بیلال حەمدانی لە شوێنی ئەو دانا، كە ئەویش سەر بە حزبی دەعوەیە. 

لای خۆیەوە حەسەن فەدعەم، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی لادانی مستەفا موخیف و شوێنگرتنەوەی بە عەلی موحسین عەلاق گوتی، چوارچێوە رێگری لە هیچ رێوشوێنێك ناكات بۆ چارەسەركردنی هەڵكشانی نرخی دۆلار و پارێزگاریكردن لە سەقامگیریی بازاڕەكان، دووپاتی كردەوە كە رێوشوێنەكانی محەمەد شیاع سوودانی لەلایەن چوارچێوەوە پاڵپشتی لێ كراوە و دەست لە وردەكارییەكان و رێگەكانی چارەسەرییەكان وەرنادات، ئەو كارە بۆچوونی شارەزا و پسپۆڕان و سەرۆك وەزیران یەكلای دەكەنەوە.

عەلی موحسین عەلاق، سەركردەیەكی پێشووی حزبی دەعوەی نووری مالیكییە، لە 2014 لەلایەن نووری مالیكی، كە سەرۆك وەزیران بوو، كرا بە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، دوای ئەوەی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، ئەوكات وا بڵاو كرایەوە كە مالیكی دەیەوێ لەو رێگایەوە كۆنترۆڵی بانكی ناوەندی عێراق بكات، بەوە ناسراوە لە سەردەمی ئەودا دەستوەردانی سیاسی لە كاروباری بانكی ناوەندی هەبووە، بە گەڕانەوەی عەلی موحسین عەلاق، گورزێك بەر رەوتی سەدر دەكەوێت، چونكە پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندی لە سەدرییەكان نزیك بووە، جیا لەوە نووری مالیكی كۆنترۆڵی بانكەكە و مەزادی دراوی ناو بانكەكە دەگرێتەوە دەست.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل