دیسان نووسراوی گرتن بۆ فایەق شێخ عەلی دەردەچێت

:: PM:01:45:24/01/2023 ‌
دیسان نووسراوێكی نوێ بۆ گرتنی فایەق شێخ عەلی ئەندامی پێشتری پەرلەمانی عێراق، لەلایەن داواكاری گشتی دەردەچێت، ئەویش بەهۆی قسەپێگوتن و تەشهیرەوەیە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 24ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، دادگای عێراق نووسراوێكی بۆ گرتنی فایەق شێخ عەلی دەركردووە كە ئەندامی پێشتری پەرلەمانی عێراق بوو. هۆی دەركردنی بڕیارەكە بۆ قسەپێگوتن و تەشهیرەوەیە، ئەمەیش دووەم جارە هەمان نووسراو بۆ ئەو كەسایەتییە دەردەچێت و ناگیرێت، چونكە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە.

بەپێی نووسراوەكەی دادگای عێراق كە واژووی دادوەر عەمار رەشید مەیالیی لەسەرە و ئاراستەی پۆلیس كراوە، تێیدا هاتووە، تاوانبار فایەق شێخ عەلی كە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، بەپێی مادەی 433ی سزادان بگیرێت.

لە نووسراوەكەدا ئەوەش هاتووە، ئەو تاوانبارە لە بنكەی پۆلیسی كەرخ لە بەغدا سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، بۆیە لە هەر شوێنێك بێت بگیرێت.

پێشتر دادگای عێراق لە كانوونی دووەمی 2022، بڕیاری دەركرد بە گرتنی فایەق شێخ عەلی، ئەوەیش لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، سكاڵای لەسەر تۆمار كرابوو بەوەی تەشهیری پێ كردووە. بەڵام ئەو لە دەرەوەی وڵاتە دەژی و ئەستەمە گرتنەكەی جێبەجێ بكرێت.

فایەق شێخ عەلی لە ناوەندە سیاسییەكەی عێراقدا، بە كەسێكی بوێر و شارەزا لە مێژوو هەژمار دەكرێت، بەردەوام لە لێدوان و دیمانە تەلەڤزیۆنییەكاندا، رەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەگرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د