لە گەرمەی تەنگژەی دۆلاردا سەدرییەكان بەنیازی چین؟

:: PM:08:29:24/01/2023 ‌

بەدەر لە و هێوربوونەوەی گۆڕەپانی سیاسی عێراقی گرتەوە، ئەوەش لەدوای كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران، كە بێ كێشە حكوومەتی خۆی پێك هێنا، ململانێیەكی ژێراوژێر، بەتایبەتی لە دەوڵەتی قووڵ لە عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی كایە و جومگە گرنگەكانی دەسەڵات و دەوڵەت هەیە، ئێستە لەناو گەرمەی تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلاردا سەدرییەكان بەنیازی چین؟
تا ئێستە دیار نییە حكوومەتی سوودانی چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەكان دەكات
ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەك كەسایەتی و سەكۆ و لاپەڕەی نزیك لە رەوتی سەدر لە سۆشیال میدیا، هەروەها ئەوانەشی نزیكن لە بزاوی تشرین، داوا لە خەڵك دەكەن سبەی خۆپێشاندانێكی گەورە لەبەردەم بانكی ناوەندی لە بەغدا ساز بكەن، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بە هەڵكشانی گەورەی نرخی دۆلار و ئەو شێوانەی بەو هۆیەوە لە بازاڕەكان دروست بووە، كە نرخی زۆرینەی كاڵا و مادە خۆراكییەكان زیادی كردووە. 

بەدەر لەوە زۆرێك لە بازرگانانی بەكۆمەڵ باسی ئەو داتەپین و ساردییە دەكەن كە بازاڕەكانی گرتووەتەوە، كە چەند هەفتەیەكە كڕین و فرۆشتن وەستاوە، رەنگە ئەوەش ببێتە هاندەرێك لای خەڵكەكە بۆ بەشداریكردن لە خۆپێشاندانەكان، ئەگەرچی تا ئێستە دیار نییە حكوومەتی سوودانی چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەكان دەكات، بەڵام پێشبینی دەكرێت بە وریاییەكی زۆرەوە مامەڵە بكات، بۆ خۆلادان لە دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە، كە ئەگەری زیادبوونی توڕەیی خەڵك زیاتر دەكات.

هەروەها پێشبینی دەكرێت هێزە تەناهییەكان زۆرینەی رێگە و شەقامەكان بەرەو بانكی ناوەندی دابخەن، بۆ رێگرتن لە گەیشتنی خۆپێشاندەران بەو شوێنە، بەپێی زانیارییەكان بڕیارە خۆپێشاندەران لە ژمارەیەك پارێزگاوە بێن و بە پاس بگوازرێنەوە ئەوێ، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو كارەش دانانەوەی عەلی عەلاقی نزیك لە نووری مالیكییە لە پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی، دوای ئەوەی لە 2014 تا 2020 ئەو پۆستەی هەبوو.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل