سوپای ئۆكراینا فڕۆكەیەكی "سو 25"ی رووسی تێكدەشكێنێت

:: AM:09:18:04/02/2023 ‌
پاسەوانانی نیشتمانیی ئۆكراینا رایان گەیاندووە، فڕۆكەیەكی جۆری "سو 25"ی رووسییان لە ناوچەی دۆنیتسك پێكاوە و تێكیان شكاندووە.

"ئەهرام" كە پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەلئەهرام"ی میسرییە، ئەمڕۆ رای گەیاندووە كە پاسەوانانی نیشتمانیی ئۆكراینی، فڕۆكەیەكی جۆری "سو 25"یان تێكشكاندووە، ئەمە دووەم فڕۆكەی "سو 25"یە كە لەناو یەك هەفتەدا لەلایەن سوپای ئۆكراین تێكبشكێت.

پاسەوانانی نیشتمانی ئۆكراینی لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵی "یۆكرینفۆرم" بڵاوی كردووەتەوە و رایان گەیاندووە، لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری باخمۆت، دوو فڕۆكەی رووسییان بینیوە و تەقەیان لێ كردوون، یەك لە فڕۆكەكان پێكراوە و تێكشكێنراوە. فڕۆكەكە جۆری "سو 25" بووە.

ئاماژە بەوەش دراوە كە لە هەفتەی رابردوویشدا هێزەكانی ئۆكراینا، توانیویانە هەلیكۆپتەرێكی جۆری "می 24" و فڕۆكەیەكی "سو 25" تێكبشكێنن. واتە لەناو یەك هەقتەدا دوو فڕۆكەی "سو 25" تێكشكاوە.

هێزی ئاسمانیی رووسیا لەوەتەی جەنگەكەی لە شوباتی 2022دا لە دژی ئۆكراینا دەست پێ كردووە، فڕۆكەی "سو 25" بەكار دێنێت كە یەك لە فڕۆكە زۆر كاریگەرەكانی جەنگەكەیە.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوبات دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتی ئۆكراینا دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د