فرۆشی بانكی ناوه‌ندی عێراق به‌ رێژه‌ی 2% دابه‌زی

:: AM:09:44:04/02/2023 ‌
نرخی 100 دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ 165 هه‌زار دیناره‌، بانكی ناوه‌ندیش رای ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ فرۆشی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ 395 ملیۆن و 86 هه‌زار و 279 دۆلار بووه‌، فرۆشی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ رێژه‌ی 2% دابه‌زیوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو چواری شوبات، بانكی ناوه‌ندی عێراق رای گه‌یاند، "فرۆشی ئه‌م هه‌فته‌یه‌مان 395 ملیۆن و 86 هه‌زار و 279 بووه‌".

رۆژانه‌ به‌ تێكڕا 79 ملیۆن و 13 هه‌زار و 655 دۆلار بووه‌

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی بانكی ناوه‌ندی، رۆژانه‌ به‌ تێكڕا 79 ملیۆن و 13 هه‌زار و 655 دۆلار بووه‌، بۆیه‌ بانگ نووسیویه‌تی كه‌ "به‌ رێژه‌ی 2% فرۆشی دابه‌زیوه‌".

هاوكات دوێنێ بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ توركیا دوای دوو كۆبوونه‌وه‌، راگه‌یه‌نراوێك له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراق بڵاو كرایه‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرابوو، ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندیی داوه‌ نه‌رمی زیاتر بنوێنێ، بۆیه‌ نرخی دۆلار له‌ 172 هه‌زار دیناره‌وه‌ بووه‌ به‌ 155 هه‌زار دینار، به‌ڵام ئێسته‌ نرخی 100 دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ 165 هه‌زار دیناره‌.


نرخی دراوه‌كان له‌ عێراق ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگه‌ به‌هۆی كۆمه‌ڵێك رێكار و بڕیاری ئه‌مه‌ریكاوه‌، به‌های دینار گه‌یشتووه‌ به‌ نزمترین ئاستی خۆی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو، ئه‌وه‌یش به‌هۆی دۆلار له‌ عێراقه‌وه‌ به‌قاچاخ هه‌نارده‌ی وڵاتانی دراوسێ ده‌كرا، له‌ ناوخۆیش دۆلار سپی ده‌كرایه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا غالب پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرد و عه‌لی عه‌لاقی له‌ شوێنی دانا.


وشە - زریان تەها