هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی عێراق دەكات

:: PM:01:10:04/02/2023 ‌
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاندووە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی رووسیا، سەرددانی بەغدا بكات و چەندان كۆبوونەوە ئەنجام بدات.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو چواری شوبات بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی سەرچاوە بەرپرسەكە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، گوتوویەتی بڕیارە هەفتەی داهاتوو رۆژی دووشەم، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كۆبوونەوەی دەبێت.

زیاتر روونی كردووەتەوە، شاندێكی باڵا و چەندان كۆمپانیای رووسی یاوەری وەزیری دەرەوەی رووسیا دەكەن، یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن دەبێت، دواتر كۆبوونەوە لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە دەكات.

ئاماژەی بەوەش داوە كە لاڤرۆڤ لە كۆبوونەوەكانی لە بەغدا، باس لە وزە و نەوت و غاز و كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی رووسی دەكات. هاوكات پڕچەككردنی عێراقیش تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكانی لاڤرۆڤ دەبێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د