هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی پیاز چییە؟

:: PM:08:32:04/02/2023 ‌

نرخی پیاز لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوەیە، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی یەك كیلۆ پیازی سپی لە نرخی كیلۆیەك مریشك گرانتر بوو، ئەوەش نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست كردووە، بەرپرسێكی عەلوەی سلێمانی لەبارەی گرانبوونی نرخی پیاز روونكردنەوە دەدات، باس لەوە دەكا كە پیازی ناوخۆیی نەماوە و ئەوەی لە بازاڕ هەیە هاوردەی دەرەوەیە.

هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا حەوت مانگ لە بەرهەمی پیاز خۆبژێویی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ هەڵگرتنی ئەو پیازە، ناتوانرێت بەشی ئەو پێنج مانگە هەڵبگیرێت، جووتیارێكی نموونەییش پێی وایە هەرێمی كوردستان ئەو كاتەی پیازی پێ دەگات، بەشی عێراقیش دەكات، بەڵام نەبوونی شوێنی هەڵگرتنی وای كردووە هەموو ساڵێك لەم كاتە گرفت دروست ببێت.
هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی پیاز زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام نەبوونی شوێن بۆ هەڵگرتن گرفتی دروست كردووە
حاجی سەروەر عەلی، بەرپرسی عەلوەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری گرانبوونی نرخی پیاز لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئێرانە، ماوەیەكە گومرگی خستووەتە سەر پیاز بۆ یەك كیلۆ  500 دینار، هاوكات بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش هۆكارێكی ترە، ئەوانە وایان كردووە نرخەكەی بۆ هەرێم گرانبێت، لە ناوخۆش پیاز نەماوە و ئەوەی هەیە لە عەلوەكان هەمووی هاوردەیە، چونكە پیازە سپییەكە ئێرانییە و سوورەكەش رووسی و قاوەیەكەشی پاكستانی و میسرییە.

باسی لەوە كرد، پیازە سپییەكە تا دەگاتە عەلوە كیلۆی 1750 دینار دەكەوێت، دەستاو دەست دەكات و تا دەگاتە لای  دوكاندار كیلۆی دەبێتە 2500 دینار، پیازە سوور و قاوەییەكەش كیلۆی 900 دینار دەكەوێت، هیچ وادەیەكیش نییە تا بڵێین ئەو كاتە پیاز دادەبەزێت، تا ئەو گومرگە بەردەوام بێت ئەویش بە گرانی دەمێنێتەوە، دووپاتی كردەوە، ئێرانیش لای خۆیەوە گومرگی خستووەتە سەر ئەو سەوزانەی كە ئاوی زۆری پێویستە، وەك پەتاتە و پیاز، چونكە دەڵێ ئاوی زۆری دەوێ و دەیەوێ وا لە جووتیارەكان بكات ئەو دوو سەوزەیە كەم بكەنەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی عەلوەی سلێمانی، رۆژانە سنووری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 60 تۆن پیاز هەیە و بەرهەمی ناوخۆییش نەماوە، بەڵام ئەو چەند مانگەی بەرهەمی ناوخۆیی هەیە پێویستیان بە هاوردەكردنی نییە و ئەوەندە زۆرە نرخەكەی لە ناو عەلوە دەگاتە 250 دینار، بە گشتی ساڵانە بەرهەمی ناوخۆیی هەزاران تۆن دەبێت، لە هەرێمی كوردستانیش پێشبینی دەكرێت پیویستی رۆژانە سەرو  100  تۆن بێت.

لای خۆیەوە خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، گرانبوونی پیاز بەهۆی نەبوونی بەرهەمی ناوخۆییە، كاتێك بەرهەمی ناوخۆیی تەواو دەبێت، ئەوەی پێویستی سەرەكیی رۆژانەی هاووڵاتییانە گران دەبێت، لەوانە پیاز و پەتاتە و تەماتە و كولەكە و پێویستییەكانی تر بەگشتی، چونكە تا ئێستە هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەوەی لەو بەرهەمانە هەر چوار وەرزە بەرهەمی هەبێت و بخرێتە بازاڕەوە، ئەوەی هەیە لە بەهار و هاوین و مانگێكی پایزە.

روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی پیاز زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام نەبوونی شوێن بۆ هەڵگرتن گرفتی دروست كردووە، لە ناوچەیەكی سنووری هەولێر و دەوروبەری و شارەزوور ساڵانە لە بەرهەمی پیازی شیرین دەتوانن عێراقیش بژێنن ئەوەندە بەرهەم زۆرە، بەڵام هەموو ساڵێك لەم كاتەدا گرفت لە ناوخۆ دروست دەبێت و تا دوو سێ مانگ بەردەوام بەو شێوەیە گران دەبێت، بەرهەمی خۆشمان لە مانگی پێنج پێ دەگات و دوو جۆر بەرهەممان هەیە، بەهاری و هاوینی كە تا مانگی 12 بڕ دەكا و دواتر نامێنێت.

"پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بەرهەمی چوار وەرزە، وا دەكات كە هەرێم پێویستی بە دەرەوە نەبێت و لەو كاتەدا نرخەكان بەرزنەبنەوە، چونكە ئێستە ئێرانیش دەزانێ بەرهەمی ناوخۆی هەرێم تەواو بووە، ئەوانیش بە ویستی خۆیان یاری بەو نرخە دەكەن و بە گران دەینێرنە دەرەوەو، ئەوەش وا دەكات زیاتر لەسەر هاووڵاتییان بكەوێت"، خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی وا دەڵێت.

پێوەست بەو بابەتەوە بڕیار جەمال، دوكاندار بە "وشە"ی راگەیاند، نرخی پیاز لە عەلوە بە نزیكەی دوو هەزار دینارە، ئەگەر دوكاندار كرێی گواستنەوە و دوكان و شتەكانی تری بخاتە سەر ئەوە دەبێت كیلۆی بە 2500 دینار بدات، بەڵام ئەگەر دەستگێڕ و عەرەبانەكان بیفرۆشن، بە دوو هەزار دینار دەیدەن، چونكە كرێی دوكان و كارەبا و زەڕیبە و ئەو شتانەیان لەسەر نییە.

بەو هۆیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاووڵاتییان بە تەنزەوە باس لەوە دەكەن كە ئێستە نرخی كیلۆیەك پیاز گرانترە لە نرخی كیلۆی مریشك و خەریكە وەك نرخی دۆلاری لێ دێت، لەوكاتەی ئەو بابەتە پێویستی بە چارەسەرێكی رژد لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە هەیە، بەوەی پلانی بۆ ئەو كاتانە هەبێت كە بەرهەمی پیاز و هیتریش زیادە و شوێنی هەڵگرتنی گونجاویان بۆ دابین بكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل