یەكێتی چۆن لە رێگەی سپیكردنەوەی چەندان ملیار دۆلارەوە ماڵداری بۆ دەرەوە دەكات؟

:: PM:09:37:04/02/2023 ‌

دوای كۆبوونەوەی توركیا لە نێوان پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، زانیارییە دزەپێكراوەكان باسی ئەوەیان كرد كە ئەمەریكا مۆڵەتی نۆ مانگی بە عێراق داوە بۆ پابەندبوون بە رێوشوێنەكانی وەزارەتەكە بۆ حەواڵەی دەرەكی و رێگرتن لە قاچاخی دۆلار و سپیكردنەوەی پارە، هەر بەپێی زانیارییەكان لە سلێمانیش قاچاخی دۆلار و سپیكردنەوەی پارە بۆ بەرژوەندی ئێران هەیە، ئەوەش وای كردووە زیان بە خەڵكی كوردستان بگات، بەڵام چارەسەری چییە؟

بردنە دەرەوە و سپیكردنەوەی چوار ملیار دۆلار لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەناوی كڕینی سەلاجە لە ئێران، ماڵداریكردنی بافڵ تاڵەبانییە بۆ ئەو وڵاتە و پێویستە رێگری لێ بكرێت و چیتر رێگە ندەرێت لەپێناو رازیكردنی تاران، هەرێمی كوردستان بكاتە قوربانی و هاووڵاتییانیش زیانمەندی یەكەم بن.
هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان قوربانی و زیانمەندی یەكەم دەبن
لە چەند رۆژی رابردوو ئەوە ئاشكرابوو كە لە سلێمانییەوە چوار ملیار دۆلار، كە دەیان هەزار دەفتەر دۆلار دەكات، بە ناوی كڕینی سەلاجەوە بردراوەتە ئێران، لەو كارەش پەنجەی تاوان ئاراستەی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی دەكرێت، چونكە لەو سنوورەوە چووەتە ئەو وڵاتە و یەكێتی دەسەڵاتداری سنوورەكەیە، ئەوان كارەكەیان بۆ ئێران كردووە و لەكاتێكدا لە لایەن ئەمەریكا و ئەوروپاوە سزایەكی قورس لەسەر ئەو وڵاتە هەیە.

لەو بارەوە یووسف ئەنوەر، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەڕی بلۆكەكانە، چ بلۆكی سەرمایەداری یان بەشداری و رووسیا و ئێران، چۆن ئەو وڵاتانە و كەسانە لایەنگری وڵاتانی خۆیان بكەن و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بخەنە ژێر مەترسییەوە، دەیانەوێ بەو جۆرە بیسەلمێنن كە عێراق وڵاتێكی ژێردەستەی ئێرانە و لەژێر ركێفی ئەمەریكادا نییە، ئەوەش بەو لایەنانە دەكرێت كە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و رووسیا یەك دەگرێتەوە.

باسی لەوە كرد، یەكێك لەو حزبانەی لە ساڵی هەشتاكانەوە لەژێر كۆنترۆڵی ئێرانە، بە سەردەمی مام جەلال و نەوشێروان مستەفاش، تا ئێستەش ئەو كار و پێوەندییە بەردەوامە، ئەوەی كارەكە دەكا یەكێتییە و ئەو كارەی ئەمڕۆ یەكیتی بۆ ئێرانی كردووە بە سپیكردنەوەی پارە كاریگەری خراپی لەسەر كوردستان دەبێت و زیانیشی بۆ یەكێتی خۆشی دەبێت، ئەوە جۆرێكە ماڵداری و كۆیلایەتی بۆ ئێران لە لایەن یەكێتییەوە.

ئەو شارەزا یاساییە روونی كردەوە، ئەوەی ئێران دەیەوێ و بیری لێ دەكاتەوە، بێ یەك و دوو یەكێتی بۆ ئێرانی دەكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، هەموو هاوكارییەكی ئێران دەكات، ئەوە تا رادەیەكی زۆریش یەكێتی دەخاتە ژێر مەترسییەوە و وا دەكات ئەمەریكا و ئەوروپا هیچ متمانەیەكیان بەو حزبە هەڵوەشاوە نەبێت، كە چۆن كار دەكەن و چی دەكەن.

پێوەست بەو بابەتەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی بنەما ئابوورییەكان هەر شتێك لە ناوخۆ كەم بوو و هەوڵی بردنەدەرەوەی درا، ئەوە راستەوخۆ زیان بە ناوخۆ دەگات، لەو بابەتی دۆلارە و بەرزبوونەوەی نرخەكەی زۆر شت ئاشكرا بوو، دەركەوت چۆن لە ناوخۆی هەرێمەوە دۆلار براوەتە ئێران و كار بۆ ئەوە كراوە دۆلار ببرێتە ئەو وڵاتە، چونكە تاران پێویستی بە دۆلارە و سزای لەسەرە.

ئاماژەی كرد، لە سلێمانییەوە دۆلارێكی زۆر براوەتە دەرەوە بە حەواڵە، بۆ رێگریكردن لە بەرزیی نرخی دۆلاریش، پێویستمان بە دۆلارە تا زیاتر بخرێتە بازارەوە و بڕەكەی زۆر بێت، هەر بردنەدەرەوەیەك سوودی بۆ ناوخۆ نابێت، بۆیە كاتێك لەو تەنگژەدا دۆلار دەبرێتە دەرەوە یان سپی دەكرێتەوە، ئەمە رێك گەورەترین زیانە بۆ ناوخۆ.

"ئەوەی ئێستە وەك گەورەترین پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە ئاشكرا بووە، بە یەكجار چوار ملیار دۆلار بە ناوی سەلاجە سپی كراوەتەوە، دەبێت رێ لەوە بگیرێت كە بەرژەوەندی ئێران لەپێش بەرژەوەندی ناوخۆ بێت، لە سلێمانییەوە بڕی چوار ملیار دۆلار چووەتە ئێران وەك سپیكردنەوە، ئەوە كاركردنە بۆ بەرژەوەندی دەرەوە و زیانگەیاندنە بە ناوخۆ و هاووڵاتییان، وەك چۆن بینیمان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو نرخی دۆلار زۆر بەرزبووەوە و كەلوپەل لەسەر هاووڵاتییان گرانتر بوو"، ناسر ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری وای گوت.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی لەم قۆناغەی ئێستەی عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگە، زۆرترین دۆلار بێتە ناوخۆ، تا گرفت دروست نەكات و بەرزبوونەوەی نرخ دروست نەبێت، چونكە نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار لە دابەزینە و تا دۆلاری زیاتر بێتە ناوخۆ ئەوەندە لە بەرژەوەندی ناوخۆ و هاووڵاتییانە، هاوكات گرانبوونی نرخی دۆلار لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا نییە.

روونی كردەوە، بەپێچەوانەوە بردنەدەرەوەی دۆلار لەو كاتەی ئێستە كە لە ناوخۆ بووەتە گرفتی گەورە و بەرزترین ئاستی تۆمار كردووە، بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست دەكات، كاتێك ئێران سزای لەسەرە و دۆلاریش بە نایاسایی ببرێتە ئەو وڵاتە، واتە كار بۆ بەرژەوەندی ئەو وڵاتە كراوە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت