لە هەڵمەتی چەند ڕۆژەی گەڕان و سۆراغكردنی ئەیووب ئەحمەد سەعدوڵا، ئەو منداڵە / 13 ساڵ/ـەی گەڕەكی قەرەبووی كەسنەزان، كە ماوەی 13 ڕۆژە شوێنبزر و بێ سەروشوێنە، ئەمڕۆ یەكشەم 2023/2/5، لە سنووری كەسنەزان لەلایەن هاووڵاتییەكەوە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
سەرەتا هاووڵاتییەكە پێوەندی بە بەرگریی شارستانی و پۆلیسەوە كردووە كە تەرمێك هەیە، دواتر دەبرێتە پزیشكی دادی و دوای پشكنین، تەرمەكەی لە پزیشكی دادییەوە ڕادەستی خێزانەكەی دەكرێتەوە.
ئەیووب 12 ڕۆژ پێش ئێستە ون بوو و باوكی رای گەیاند، كێشەی لەگەڵ كەس نییە، بەڵام بوورانەوەی هەبووە و چەند جارێك بووراوەتەوە.
ئەیووب ئەحمەد قوتابی بوو، دوای نیوەڕۆیەك لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كەس نایبینێتەوە، ماوەی 12 ڕۆژە تیمەكانی بەرگریی شارستانیی هەولێر و تیمەكانی ئاسایش و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمەكەی لە نزیك هەزەی كەسنەزان دۆزرایەوە.