قرقێنەكردن كەی مەترسیدارە؟

:: PM:09:42:05/02/2023 ‌

قرقێنە یان قرپكردن حاڵەتێكی ئاساییە و خۆرزگاركردنە لەو هەوا زیادەی كە لەناو گەدە قەتیس بووە، هۆكارە سەرەكییەكەی بۆ قوتدانی بڕێك لە هەوا لە گەدە دەگەڕێتەوە، بەگشتی چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانەش ئاسایی و مەترسیدار، بەڵام پێوەندی بە شێرپەنجەوە چییە؟

ئەگەری هەیە بەهۆی خێرایی خواردن و خواردنەوە، یان قسەكردن لەكاتی خواردن یان بنێشت جوین یان خواردنەوە گازییەكان بخۆیتەوە وەیا جگەرە بكێشیت، هەندێك جاریش بەهۆی گەڕانەوەی ترشی گەدە یان نەخۆشی گەڕانەوەی خۆراك بەرەو سەرەوە، كە هۆكارن بۆ قوتدانی بڕێك هەوا، قرقێنە دروست ببێت و دەنگ و بۆنی ناخۆشی هەبێت.

هەندێك باسی ئەوە دەكەن كە قرقێنەی زۆر یان بەردەوام رەنگە نیشانەیەكی شێرپەنجە بێت، راستییەكەی ئەوەیە كە زۆرجار قرقێنەكردن مانا یان نیشانەیەك نییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام ئەگەر هاوەڵی دەركەوتنی نیشانەكانیتری شێرپەنجە بوو، ئەوكات مایەی نیگەرانییە، وەك لەدەستدانی كێشی بێ هۆكار و نەمانی حەزی خواردن و كێشە لە قوتدان و هەستكردنی زوو بە تێربوون و سووتانەوەی گەدە و هەستكردن بە ماندووبوونی بەردەوام.

بۆیە ئەگەر ئەو نیشانانە هەبوون و قرقێنەی زۆر هەبوو، دەكرێت ئاماژەیەك بێت بۆ چەند جۆرێكی دیاریكراوی شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی گەدە و سوورێنچك و پەنكریاس، بۆیە باشترین شت ئەوەیە ئەگەر ئەو حاڵەتە لەگەڵ نیشانەكانی باس كران هەبوو، سەردانی پزیشك بكرێت بۆ دڵنیابوونەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل