پەیامێك لە مەسروور بارزانییەوە

:: AM:09:18:06/02/2023 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە تویتەر پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، ئامادەی هەموو هاوكارییەكین.

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا لەڕێی تویتەرەوە ئاماژەی بەوە كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی هاوكاریكردنە لە پرۆسەی رزگاركردنی ئەو هاووڵاتییانەی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەكاندا گیریان خواردووە.

مەسروور بارزانی دەڵێت، بیر و هۆشم لای بنەماڵەی قوربانیانی بوومەلەرزەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ناوچەكەیە. 

سەعات  4:17 بوومەلەرزەیەك بە پلەی 7.8 بە پێوەری رێختەر، سنووری نێوان سووریا و عێراق و توركیای گرتەوە كە چەقی كاریگەریی بوومەلەرزەكەش، زیاتر شاری مەڕەش و باكوری رۆژهەڵاتی شاری غازی عەنتاب بووە كە بە دووری 22 كیلۆمەتر و قووڵایی 10 كیلۆمەتر بووە.
 
‎دوای سێ خولەك لە بوومەلەرزەكەی شاری مەڕەش و غازی عەنتاب، لە سەعات 4:20 لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەستی پێ كرا كە مەزندە دەكرێت پلەكە 4.7 بە پێوەری رێختەر، كاریگەری لە هەرێمی كوردستان هەبووبێت و لە پارێزگای دهۆك زیاتر هەست بە رووداوی بوومەلەرزەكە كراوە.




وشە - رامیار جەواد