نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی بوومەلەرزەكە دەكات

:: AM:09:29:06/02/2023 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە تویتێكدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی بومەلەرزەكەی توركیا و باكوری كوردستان دەكات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر، 10 شاری توركیا و باكوری كوردستانی هەژاند، سەتان قوربانی هەیە.

نێچیرڤان بارزانی لە تویتەكەیدا نووسیویەتی، بیركردنەوە و نزاكانم لەگەڵ ئەو كەسانەیە كە بەهۆی بوومەلەرزەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە ناوچەكەماندا زیانیان لێ كەوتووەتەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكار و ئازیزانی قوربانییەكان كرد و دەڵێت، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم.

سەعات  4:17 بوومەلەرزەیەك بە پلەی 7.8 بە پێوەری رێختەر، سنووری نێوان سووریا و عێراق و توركیای گرتەوە كە چەقی كاریگەریی بوومەلەرزەكەش، زیاتر شاری مەڕەش و باكوری رۆژهەڵاتی شاری غازی عەنتاب بووە كە بە دووری 22 كیلۆمەتر و قووڵایی 10 كیلۆمەتر بووە.
 
‎دوای سێ خولەك لە بوومەلەرزەكەی شاری مەڕەش و غازی عەنتاب، لە سەعات 4:20 لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەستی پێ كرا كە مەزندە دەكرێت پلەكە 4.7 بە پێوەری رێختەر، كاریگەری لە هەرێمی كوردستان هەبووبێت و لە پارێزگای دهۆك زیاتر هەست بە رووداوی بوومەلەرزەكە كراوە.



وشە - رامیار جەواد