شاندێكی باڵای كەنیسەی كاتۆلیكی سەردانی سەرۆك بارزانییان كرد

:: PM:01:03:06/02/2023 ‌
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای كەنیسەی سریانیی كاتۆلیكی لە جیهان دەكات، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی بنەماكانی پێكەوەژیان و هاووڵاتیبوون و ئاشتیی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی شوبات، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە پاتریارك مارئیگناتیوس یوسفی سێیەم پاتریاركی كەنیسەی سریانی كاتۆلیكی ئەنتاكییە لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە مەترانە بەڕێزەكانی كەنیسەی سریانی كاتۆلیكی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەو دیدارەدا پاتریاركی كەنیسەی سریانی كاتۆلیكی ئەنتاكییە لە جیهان، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی بنەماكانی پێكەوەژیان و هاووڵاتیبوون و ئاشتی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق . داواشی كرد ئەو بنەما و پرەنسیپانە قووڵتر بكرێن.

لە بەشێكی ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان شانازی بە فەرهەنگی پێكەوەژیان دەكات، ئەو فەرهەنگەی بە سەرمایەیەكی گەورە بۆ گەلی كوردستان لە قەڵەم دا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بە توندی سەركۆنەی كردەوەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن كەسێكی سویدییەوە كرا و بە كردەوەیەكی ناعەقڵانی و تاكەكەسی وەسف كرا. ئەوەش دووپات كرایەوە كە پێویستە ڕێز لە پیرۆزی و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی بگیرێت.

بەشدارانی كۆبوونەوەكە هاوخەمی قووڵی خۆیشیان بۆ كەسوكاری قوربانیان و زیانلێكەوتووانی ئەو بوومەلەرزەیە ڕاگەیاند، كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە توركیا و سووریا و چەند وڵاتی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی داوە.



وشە - رامیار جەواد