قوباد تاڵەبانی دەیەوێ چی بشارێتەوە؟

:: PM:08:30:06/02/2023 ‌

دەڵێن مەعدەنی راستەقینەی مرۆڤ لەكاتی تاقیكردنەوە و لە هەڵوێستە كردەنییەكانی دەردەكەوێت، كەسانێك ساڵانێك قسە دەكەن، بەڵام لەگەڵ یەكەم ئەزموون ناتوانن بەرگە بگرن و راستی ئەوەی لە دەروونیانە ئاشكرای دەكەن، تەواو ئەوەیە كە سەرانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان نەیانتوانی چیتر هەڵوێستی راستەقینەیان بەرانبەر بە چەند پرسێكی گرنگ لە هەرێمی كوردستان بشارنەوە.

بەدەر لەوەی لە سلێمانی سایتێك بۆ راگەیاندنی داهاتی پارێزگاكە بە شەفافانە دانراوە، قوباد تاڵەبانی، رێگر بووە لە ناردنی هێز بۆ مەرزەكانی سنووری سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاری قاچاخی و گەندەڵی، كاتێك بە ئاشكرا داوای كردبوو كە ئەگەر هێز بنێرنە ئەو دوو مەرزە شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، هەروەها بە ئاشكرا هەوڵی بردنەدەرەوەی 20 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دا، لەوكاتەی حزبەكەی بە سپیكردنەوەی چەندان ملیار دۆلار بۆ ئێران تاوانبارە و بەو هۆیەوە ئەمەریكا هەڕەشەی لێ كردووە.

رێگریكردن لە ناردنی هێز بۆ مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان بۆ ئەوە بوو كە یەكێتی ئەوەی خۆی دەیەوێ بیكات، ئاشكراش بوو كە چۆن لەو دوو مەرزەوە دۆلاریان ناردووەتە ئێران و بە ملیاران دۆلاریان سپی كردووەتەوە، ئێستەش كە ئاشكرا بوون و گوشاری ئەمەریكایان لەسەرە، بۆیە بەناچاری دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن.
مەرزەكانی سلێمان بوونەتە شوێنی قاچاخی و گەندەڵی و خراپیی كوالێتی كۆنترۆڵ
لەوبارەوە سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی كەوتووەتە حاڵەتێكەوە ناچارە دەست بۆ چڵە پووشەكە ببات، نازانێت چۆن خۆی لەو گێژاوە رزگار بكات، دووپاتی كردەوە، ناردنەدەرەوە پارە لە مەرزی ئیبرایم خەلیل نەك راست نییە، بەڵكو پاكترین مەرز بووە بۆ كاری بازرگانی، ئەمە قسەی "شنۆ ئەشقی"، پەرلەمانتاری یەكێتییە كە وەك نوێنەری فراكسیۆنی ئەو حزبە لەو لیژنەیە بوو كە سەردانی مەرزەكانمان كرد.

زیاتر گوتی، كاتێك چووینە مەرزی ئیبرایم خەلیل و بەدواداچوونمان كرد، ئەشقی گوتی، بەڕاستی ئەمە نموونەی مەرزە و كاری پاكی تیادا دەكرێت، دامەزراوەییە و نموونەی مەرزە لە وڵات، كەچی یەكێتی دەیەوێ دۆخی هەرێمی كوردستان تێك بدات و مەرزەكانی سلێمانیش یەكێكن لەو مەرزانە كە بوونەتە شوێنی قاچاخی و گەندەڵی و خراپی كوالێتی كۆنترۆڵ.

"كاتێك سەردانی مەرزی باشماخمان كرد بە بەڕێوەبەری مەرزەكەم گوت، دەڵێن بۆ كاری قاچاخی كارەبا دەكوژێننەوە و بارهەڵگرەكان دەكەنە ناوەوە، ئەو گوتی، نەخێر پێویست بە كارەبا كوژاندنەوە ناكات، هەر پێمان دەڵێن چاو بنوقێنن تا ئەو بارهەڵگرانە بچنە ناوەوە و دواتر چاو بكەنەوە"، سەعید هەركی وای گوت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دووپاتی كردەوە، یەكێتی رێگر بوو لە ناردنی هێز بۆ مەرزەكان و بە ئاشكرا گوتیان ئەگەر هێز بنێرێن بۆ ئەو مەرزانە شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، دەركەوت چییان لەژێر سەردایە، بۆیە رێگریان لە نادرنی هێز دەكرد، لەو مەرزانە قاچاخی لە هەموو بوارەكان دەكرێت، هاوكات و بەوهۆیەوە یەكێتی گوشاری ئەمەریكای لەسەرە، بۆیە هەموو كارێك دەكات.

تایبەت



وشە - تایبه‌ت