ئاماری قوربانیانی بوومەڵەرزەكە لەهەڵكشانە

:: PM:09:00:06/02/2023 ‌

تا دێت بەرپرسان لە توركیا و سووریا ئاماری نوێ لەبارەی زیانی گیانی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزە رادەگەیەنن كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم توركیا و سووریای هەژاند، بەدەر لەوەی تا ئێستە سەتان كەس چارەنووسیان دیار نییە و لەژێر پاشماوەی رووخاوی تەلارەكانن و تیمەكانی فریاگوزاری خەریكی دەرهێنانیانن.

فەخرەدین قۆجە، وەزیری تەندروستی توركیا رای گەیاند كە ژمارەی كوژراوان بەهۆی بوومەلەرزەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ویلایەتی قەهرەمان مەرعەش لە باشووری وڵات، كە گوڕەكەی 7.7 پلە بووە، بۆ 1762 حاڵەت زیادی كردووە.

زیاتر گوتی، هاوكات ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 11 هەزار و 119 حاڵەت و ژمارەی تەلارە وێرانبووەكانیش گەیشتووەتە 3471 تەلار، دوای بوومەلەرزەكەش 130 لەرینەوە لە ناوچەكە روویان داوە، 15 هەزار كارمەندی فریاگوزاری بەشداری لە پرۆسەی گەڕان بەدوای ونبووان دەكەن.

پێش ئەوە فوئاد ئۆكتای، جێگری سەرۆكی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندبوو كە ژمارەی كوژراوان بەهۆی بوومەلەرزەكەوە گەیشتووەتە 1541 حاڵەت و برینداریش 9700 حاڵەتە.

لای خۆیەوە رامی عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری روانگە مافی مرۆڤی سووریا رای گەیاند كە 1083 كوژراو بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە سووریا هەیە، جیا لە دوو هەزار و 400 بریندار، ژمارەكەش لە هەڵكشانە، چونكە سەتان كەس لەژێر پاشماوەی رووخاوی تەلارەكان ماونەتەوە و هەوڵی رزگاركردنیان بەردەوامە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل