پێوەندی بە سلێمانییەوە هەیە.. سەرچاوەیەك زانیاری لەسەر قاچاخی دۆلار ئاشكرا دەكات

:: PM:10:06:06/02/2023 ‌

عێراق هەموو شتێك دەكات بۆ ئەوەی بە ئەمەریكا بڵێت كە چیتر دۆلار بەقاچاخ بۆ ئێران رەوانە ناكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندان رێوشوێنی وەرگرتووە، كەچی سەرچاوەیەكی نزیك لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئاماژە دەكات ئەوەی بەغدا دەیكات كۆنترۆڵی 5%ی ئەو دۆلارە ناكات كە رۆژانە بە قاچاخ دەبردرێتە دەرەوە، دووپاتی كردەووە كە زۆرینەی دۆلارەكە لە دەروازە سنوورییەكانی دیالە و سلێمانی دەچێتە ئێران.

سەرچاوە نزیكەكە لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكەی هەینی رابردووی توركیای نێوان هەردوو شاندی ئەمەریكا و عێراق و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان ئاشكرا كرد، دووپاتی كردەوە كە ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەبارەی كۆنترۆڵكردنی قاچاخی دۆلار رایان گەیاندووە، تەنیا 5%ی ئەو بڕەی كۆنترۆڵ كردووە كە رۆژانە دەبردرێتە دەرەوە، بابەتی قاچاخی دۆلار لە عێراق بەشێوەیەكی فەرمی ناكرێت، بەڵكو زۆرینەی لە رێگەی دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەكانەوە دەبێت، لە پارێزگاكانی دیالە و سلێمانی لە رێگەی سنوورەكانی ئێرانەوە.

وەك لە راپۆرتێكی "عەرەبی ئەلجەدید"، هاتووە، سەرچاوەكە دەڵێت، بابەتی قاچاخی دۆلار و گەیشتنی بۆ ئێران و لایەنی تر كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە، تەوەری گفتوگۆكانی كۆبوونەوەی هەینی رابردووی ئیستەنبووڵی نێوان پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی بووە.

روونی كردەوە، بەرپرسە ئەمەریكییەكە بە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی گوتووە كە چەند دەروازەیەكی نایاسایی هەن و لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەت نین، رێگە بە بەقاچاخبردنی دۆلاری كاش بۆ ئێران دەدەن، لە كۆبوونەوەكە چەند بەڵگەیەك پێشكەش كراوە كە دووپات لە بوونی قاچاخچیەتێكی رێكخراوی دۆلار لە رێگەی ژمارەیەك كەسایەتی سەر بە حزب و لایەنی عێراقی دەكەنەوە كە پێوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە، كاتێك دۆلار بە بارەبەر دەبەنە ئێران و دواتر دەگەڕێنەوە عێراق.

روونی كردەوە، شاندی ئەمەریكا داوای لە عێراق كردووە بە توندكردنی پرۆسەی لێوردبوونەوە لە دەروازە سنوورییە فەرمییەكان، هەروەها دابینكردنی ئامێری پێشكەوتووی ئاشكراكردنی باری بارەبەركانیشی بۆ عێراق خستە روو، جیا لەوە مەرجی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكان و بۆشاییەكانی سنووری بۆ عێراق داناوە كە دۆلاریان تیادا بەقاچاخ دەبرێت، لەبەرانبەردا لایەنی عێراقی بەڵێنی داوە بە جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە لە ماوەیەكی كاتیدا، لە رێككەوتنی فرەوانی هەردوو حكوومەتی عێراقی و ئەمەریكیش لە میانی سەردانی شاندی دیپلۆماسی و دارایی عێراق بۆ واشنتن سبەی یان دوو سبەی جێگیر بكرێت.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی باڵای تەناهی عێراقی ئاشكرای كرد كە یەكێك لەوانەی لەسەر قاچاخی دۆلار گیراوە، ددانی بەوەدا ناوە دۆلار بە شێوازێكی سەرەتایی لە رێگەی بارەبەری گواستنەوەی كاڵاكان بۆ ئێران و سووریا دەبردرێت. 



وشە - تایبه‌ت