ئێستە عێراق لەبارەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و رووسیا و ئەو لایەنانەی سزای ئەمەریكایان لەسەرە كەوتووەتە كێشەیەكی قووڵەوە، بەم دواییە شاندێكی باڵای ئەمەریكا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد و وڵاتانی ناوچەكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانە وریا كردەوە، بۆیە بۆ دانەوەی قەرزەكانی رووسیا پێویستە عێراق رەزامەندی ئەمەریكا وەربگرێت.
وەك ئاژانسی
"رۆیتەرز"، باسی كرد، دەسەڵاتدارانی عێراق پێویستیان بە رەزامەندی راستەوخۆی ئەمەریكا هەیە بۆ دانەوەی قەرزەكانی رووسیا، لە بەرانبەر بەو كارەی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەیكەن.
روونی كردەوە، لە میانی سەردانەكەی چوارشەمی داهاتووی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ واشنتن، تاوتوێی رێگەكانی دانەوەی قەرزی رووسیا لەلایەن عێراقەوە د ەكرێت، چونكە سزاكانی واشنتن لەسەر مۆسكۆ رێگری دەكات لەوەی دۆلار بگاتە ئەو وڵاتە، بۆیە بەربەست دەخاتە بەردەم دانەوەی قەرزەكانی عێراق بۆ رووسیا.
تا ئێستە عێراق مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای رووسی دەكات، لەوانە "لۆك ئۆیڵ" و "غاز برۆم"، ئەوە سەرەڕای سزاكانی واشنتن بەسەر رووسیای سەپاندووە، كە رەنگە ئەوەش ئاماژەیەك بێت بۆ رەتكردنەوەی ئەمەریكا بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا رووسییەكان و حكوومەتی رووسیا، ئەوەش گوشارێك لەسەر حكوومەتی عێراق دروست دەكات.
لەلایەكی تر مەهدی سەفەری، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران كە ئێستە سەردانی بەغدا دەكات، رای گەیاند كە گەورە بەرپرسانی عێراق بەڵێنیان داوە بە خێرایی قەرزی كۆمپانیاكانی ئێران بدەنەوە، كە ئەوەش هەمان كێشە بۆ عێراق دروست دەكات ئەگەر بە دۆلار بدرێتەوە، چونكە ئێرانیش سزای ئەمەریكای لەسەرە.