"مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم جیاوازی لەگەڵ سەركردەی دەوڵەتان نییە"

:: PM:08:40:19/02/2023 ‌

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر سەردانەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ دەرەوە، لەوانە بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئیمارات و سەردانەكەی بۆ پاریس، باس لەوە دەكات لە دەرەوە وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەل هەرێمی كوردستان دەكرێت.

*گرنگی و كاریگەری بەشداریكردنی سەرۆكی حكوومەت لە لووتكەی جیهانی حكوومەتەكان لە ئیمارات كاریگەری و گرنگی بۆ هەرێم چی بوو؟

بەشداریكردنی شاندی هەرێم لەو جۆرە كۆڕبەندانە دەستكەوتێكی زۆر باشە، لەماوەی ساڵانی رابردوو لە نەوەتەكان لەبەر هەندێك هۆكار هەرێم نەیدەتوانی بەشداریان تیادا بكات، بەڵام دوای ئەوەی دۆخی عێراق گۆڕا و و دەستوور دانرا، پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەدەركەوت، بەتایبەتی پێشوەچوونەكانی هەرێم لە رووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەكردنی ئابووری و پێكەوەژیان، ئێستە هەرێم لەو كۆڕبەندانە بەشداری دەكات، شەڕی داعش و سەركەوتنی پێشمەرگە هۆكارن بۆ ئەوەی هەرێم گرنگی پێ بدرێت و بەشداری ئەو كۆڕبەندانە بكات، كە وای كرد هەرێم ببێتە یاریكەرێك و بانگهێشت بكرێت و قسەو بیروبۆچونی خۆی باس بكات.
سەرۆكی حكوومەت چەندان كۆبوونەوەی ئەنجام دا، ئەوەش دەرفەتێكە كە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم فرەوانتر بكرێت
*بەدەر لە كۆڕبەند و كۆبوونەوەكان، ئاخۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەبارەی پێوەندی و كاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتان بەجیا دەكرێت؟

بە دڵنیاییەوە ئەوانە دەرفەتێكن بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیداری دووقۆڵی لەگەڵ بەشداربووانی كۆڕبەندەكە بكەن و پێوەندی دروست بكەن، ئەوەش لە كۆڕبەندی ئیمارات ئەنجام درا و سەرۆكی حكوومەت چەندان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیمارات و نێودەوڵەتی ئەنجام دا، ئەوەش دەرفەتێكە كە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم فرەوانتر بكرێت.

*لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ فڕەنسا، ئاخۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمی بوو؟

بەڵێ، لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فرەنسا بوو، لەو دیدارەدا ئەو بابەتانەی كە جێی بایەخی هەردوو لایەنە باسیان لێوە كرا، بەتایبەت ئاسایشی ناوچەكە و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و پێوەندییەكانی هەرێم و فڕەنسا، جیا لە هەڵسەنگاندنی هەندێك لە پێشهاتەكانی ئەو دواییە.

*كۆبوونەوەكانی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكان دەستكەوتی چی بۆ هەرێم هەبوو؟

سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیا و وەبەرهێنەر و بازرگانانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و گوێبیستی قسەكانی سەرۆكی حكوومەت بوون، بڕیاریان دا بێنە هەرێمی كوردستان و پێوەندی ئابووری دروست بكرێت، هەولێر و پاریس دوو شاری دەستەخوشكن، باس لە دەرفەتی كاركردن كرا، ئەوان ئامادەن بۆ زیاتر لە نزیكەوە ئاشنابوون بە هەرێم لە داهاتوودا سەردانی هەرێم بكەن.

*جووڵەكانی سەرۆكی حكوومەت لەلایەك و سەرۆكی هەرێم لە لایەكی تر، ئەمانە چ گوزارشتێكیان لەپشتە؟

بەشداریكردنی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم لە كۆڕبەند و كۆنفرانسەكانی دەرەوە جێی بایەخە، چونكە ئەوانە لە دەسەڵاتێكی بەرزدان و لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە هەردوو سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم دەكرێت، راستە ئێمە هەرێمێكین و بەشێكین لە عێراق و سیادە و سەربەخۆییمان نییە، بەڵام ئەو مامەڵەی لەگەڵ ئەوان دەكرێت لە دەرەوە، جیاوازییان لەگەڵ مامەڵەكردن لەگەڵ سەرانی دەوڵەتانی تردا نییە.

*واتە لەسەر ئاستی دەرەوەدا بەهاوشێوەی دەوڵەتانی تر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت؟

ئەو وڵاتانە دەزانن كە پێگەی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوری عێراقی چییە و دەسەڵاتەكانی تر چییە، بەڵام جیاواز لە هەرێمەكانی دنیا گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدەن و رێز لە پێگەی هەرێم دەگرن، لە كۆشكی سەرۆكایەتی فڕەنسا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت دەكرێت، ئەمە بۆ هەرێم زۆر گرنگ و دەستكەوتە، لە بەرلین و ئەنقەرە و لەندەن و وڵاتانی كەنداو، هیچ جیاوازییەك نییە لە پێشوازی سەركردەكانی جیهان لەگەڵ سەركردەكانی هەرێم لە رووی پرۆتۆكۆڵییەوە.

*ئەنجوومەنی پیرانی فڕەنسا لەبارەی پێوەندی لەگەڵ هەرێم چییان هەبوو؟

سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ سێنات، ئەنجوومەنی پیرانی فڕەنسا كۆبووەوە، ئەوان پاڵپشتی خۆیان بۆ بەرنامەی حكوومەتی فڕەنسا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نیشان دا، هەروەها سەردانی شارەداری پاریس كرا، كە ئەویش گرنگ بوو، چونكە لەگەڵ هەولێر دەستەخوشكن و بەرنامەی كولتووری هاوبەشیان هەیە. 

*بڕیارە لە داهاتوودا شاندی كۆمپانیا فڕەنسییەكان بێنە هەرێم، مەبەستیان چییە؟

بڕیارە لە داهاتوودا شاندێكی كۆمپانای فڕەنسییەكان بێتە هەرێمی كوردستان بۆ دانوستاندنی زیاتر و ئاشنابوونی زیاتر، ئەوكاتەی هاتن، خۆیان ناوچەكە دەبینن و بڕیار دەدەن و لێكۆڵینەوەی خۆیان دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن لە چ بوارێك دەتوانن كار بكەن.

*سەرۆكی فڕەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەرێم نیشان داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك لەسەر هەرێم؟

فڕەنسا لە ساڵی 1991ەوە بەشدارە بووە لە پاراستنی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی ناوچەی ئارام، ئەوان لەو ساڵەوە دەستپێشخەرییان كرد، ئەو كات جۆن مێجەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو، بڕیاری 688 لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەرچوو، جیا لەوە فڕەنسا بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی هەرێم بوو لە شەڕی داعش، لەدوای ریفراندۆمیش سەرەڕای ئەو ئابڵوقە و جموجوڵە سەربازییەی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە هەرێم، ئەوان رۆڵیان لە كۆتاهێنان بەو ئابڵوقەیە هەبوو، لە پاڵپشتییان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.

دیمانە/ هۆشیار عەلی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل