وردەكاریی دەستدرێژی سێكسی لە گرتووخانەیەكی ئێران ئاشكرا دەبێت

:: PM:11:06:26/02/2023 ‌

ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەردەوامە، هاوكات رژێمی ئەو وڵاتە هەموو ئامرازێكی سەركوتكاری لە دژی خۆپێشاندەران بەكار دێنێت، بۆ دامركاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتییەی چەند مانگێكە لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە بەردەوامە، لە یەكێك لە گرتووخانەكان شەش هاووڵاتیی بەلووچی و یەكێكی خەڵكی مەشهەد لە گرتووخانەی زاهدان بە سۆندەی ئاو دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر. 

وەك گرووپی "هەڵمەتی چالاكانی بەلووچ"، بڵاوی كردەوە، شەش هاووڵاتییەكە تەمەنیان لە نێوان 16 و 21 ساڵە، بەرپرسانی گرتووخانەی زاهدان لەكاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی ددانپێدانان لەوان، نەیانتوانیوە لە رێگەی ئازاری جەستەیی و دەروونی زانیاریان لێ وەربگرن، بۆیە پەنایان بردووەتە بەر ئازاردانی سێكسی لە رێگەی سۆندەی ئاوەوە.

بەپێی راپۆرتی گرووپەكە یەكێك لە گیراوەكان چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنی داوە، دەسەڵاتدارانی گرتووخانەكە تۆمەتی جەردەیی و رێگریان داوەتە پاڵی كە تەمەنی تەنیا 16 ساڵە، هەڕەشەی ئەوەشیان لە كەسوكاری پێنج گیراوەكەی تر كردووە، ئەگەر هەواڵی دەستدرێژی سێكسی گیراوانیان بدەنە راگەیاندنەكان هەمان تۆمەت دەخەنە پاڵ ئەوانیش.

دەستدرێژی سێكسی یەكێكە لەو ئامرازە سەركوتكارانەی رژێمی ئێران لە گرتووخانەكانی پەنای بۆ دەبات، كاتێك لە سێپتێمبەری رابردوو كچێكی بەلووچی تەمەن 15 ساڵ لەلایەن فەرماندەی پۆلیسی شاری جابهار لە باشووری پارێزگەی بەلووچستان دووچاری دەستدرێژی سێكسی هاتەوە، ئەوەش بووە مایەی راپەڕینێكی فرەوانی جەماوەری و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 كوژراوی لێ كەوتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل