هه‌شته‌مین كتێبی دڵزار حه‌سه‌نی نووسه‌ر به ناونیشانی "ئه‌وكاته‌ی ژیان ناوێكی دیكه‌ی هه‌بوو"، بڵاو كرایه‌وه کە 208 لاپه‌ڕه‌یه و له پێنج به‌ش پێكھاتووه.
ئه‌مرۆ چوارشه‌م یه‌كی ئادار، دڵزار حه‌سه‌ن نووسه‌ری كتێبه‌كه له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی به"وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و كتێبه ئیشكردنه له‌ناو یاده‌وه‌ریدا، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕابردوویه‌ك كه پڕه له ھاوار و قیژه و ده‌نگی جیاواز. چوونه‌وه‌یه بۆ سه‌رده‌می منداڵی و گه‌نجێتی، ئاواره‌یی و بێ نیشتمانی. ئاوڕدانه‌وه‌یه له نه‌گبه‌تییه‌كانی جه‌نگ و سیاسه‌ت. به وردی وه‌ستانه له دنیای نۆستالیجیا، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕابردوو.
خانه‌ی كولتوور كتێبه‌كه‌ی چاپی كردووه
هەروەها دەڵێت ''سه‌رده‌می منداڵی و پێوه‌ندیی من به شاره‌وه، له‌وێوه تووشی جۆرێك له نامۆیی ده‌بم كه به ھۆی ونكردنی ناوه‌كه‌مه‌وه به‌سه‌رم دێت، یانی تووشی ونكردنی ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆم ده‌بم و دواجار كۆمه‌ڵگه و ده‌وروبه‌ر چه‌ندان ناوم بۆ ده‌تاشن، ھه‌ریه‌كه و به ئاره‌زووی خۆی شوناسم پێ ده‌به‌خشێت. له‌لایه‌كی تره‌وه تووشی په‌تای له‌بیرچوونه‌وه ده‌بم، نه‌ك ناوه‌كه‌م ته‌نانه‌ت خۆم و خێزان و كه‌سه نزیكه‌كانیشم بیر ده‌چێته‌وه.
دڵزار حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی دا كه له‌و كتێبه‌دا ئیشی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خۆنووسینه‌وه كردووه، وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چونه ناو باسێكی فراوانتر، ئه‌ویش باسكردنی دۆخی ژیانی چه‌ندان كاره‌كته‌ره له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، دواندن و باسكردنیانه له ڕێی ڕووداو و دایلۆگ و گرێوه كه خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێته ناو به‌سه‌رھاته‌كانی.
هه‌روه‌ها دڵزار حه‌سه‌ن بۆ قسه له‌سه‌ركردنیان په‌نای بردووه‌ته به‌ر ته‌كنیكی گێڕانه‌وه، فۆڕمی تازه‌ی گێڕانه‌وه‌ی تێدا به‌كار ھاتووه و ده‌ڵێت؛ "له‌و كتێبه‌دا به ھیچ كه‌سێك ناچم، ھه‌وڵم داوه جۆرێك له ته‌كنیك به‌كار بھێنم كه تایبه‌تمه‌ندیم بپارێزێت".
خانه‌ی كولتوور كتێبه‌كه‌ی چاپی كردووه و له پێشانگه‌ی كتێب له ھه‌ولێر هه‌شت تا 18/3/2023 له ستاندی خانه‌ی كولتوور ده‌ست ده‌كه‌وێت.