"ئاست و ئاستەنگ"، كتێبێكی رەخنەیی ئەدەبییە، خوێندنەوە و سەرنجی رەخنەیی دەخاتە سەر ژمارەیەك رۆمان و چیڕۆكی نوێی كوردی و بە دیدێكی رەخنەییەوە لێیان دەڕوانێت، ئەم كتێبە لە نووسینی نووسەر و رەخنەگر دڵشاد كاوانییە و لە لایەن ناوەندی رۆشنبیری مەموزین چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.
"ئاست و ئاستەنگ"، پێنجەمین كتێبی چاپكراوی نووسەرە و بڕیارە بۆ یەكەم جار لە پێشەنگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر بكەوێتە بەر دەستی خوێنەران، دڵشاد كاوانی، نووسەری كتێبەكە دەڵێت، كتێبەكە لەپاڵ ئەوەی بە چاوێكی رەخنەییەوە خوێندەوەی بۆ ژمارەیەك لە رۆمانەكانی چوار دەیەی رابردووی ئەدەبیاتی كوردی كردووە، لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەسەر مێژوو و قۆناغەكانی رۆمان لە دنیا بە گشتی ئەنجام داوە.
"ئاست و ئاستەنگ"، لە كۆمەڵە وتارێكدا راڤەی بۆ 10 رۆمانی نوێی كوردی كردووە، كە ناوەڕۆك و زمان و گێڕانەوە و تەكنیكی رۆمانەكانی خستووەتە بەر رەخنە و كەموكوڕییەكانی رۆمانەكان بە زمانێكی رەخنەیی دەخاتە روو و ئاستی رۆماننووسان لە نووسینەكانیان دەردەخات.
نووسەر لە كتێبی "ئاستەگ و ئاستەنگ"، جگە لە رۆمانەكان، دوو كۆمەڵە چیڕۆك و رۆمانێكی وەرگێڕدراوی تۆلستۆی خستووەتە بەرچاوی رەخنەوە، ئەو دەڵێت، رەخنەگرتن و دەرخستنی كەموكوڕییەكان ئەركی راستەقینەی كاری رەخنەیە، ئەمەش بۆ پێشخستنی دەقەكانە نەك كەمكردنەوە و شكاندنیان، لە كتێبخانەی كوردیدا كەلینێكی گەورەمان لە بواری رەخنەسازیدا هەیە، بۆیە هەوڵم داوە لەم كتێبەدا بێلایەنانە تێڕوانینەكانم سەبارەت بە رۆمانەكان بخەمە روو.
ئەم رۆمان و بەرهەمانەی كە كتێبی "ئاست و ئاستەنگ"، خوێندەوەیەكی وردی بۆ كردوون، پێكهاتوون لە "ژنێكی منگن، شێرزاد حەسەن"، "كتێبفرۆش، سابیر ڕەشید"، "شەوانی باكۆ، كەمال سەعدی"، "رۆمانی میدیا، هۆشەنگ شێخ محەمەد"، "نیشتمانی سارا، میران ئەبراهام"، "مرۆڤی هەرزان، گۆران سەباح"، "رۆژێك لەو ساڵانە هەڵدەگرم، ئارام محەممەد"، "كۆمەڵە چیرۆكی تابلۆكانی قاوەخانە بەلاشەكە، هێمن زەندی"، "خەون و ئاێنە كورتە چیڕۆكی زرار سەرتاش"، "رۆمانی مەرگی ئیڤانی لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕانی ئەمین گەردیگلانی"، "رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، رێبوار وەلی كاوانی".