ناوەكان دێتە راگەیاندن.. دوایین زانیاری لەبارەی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور

:: PM:07:35:08/03/2023 ‌

گوتەبێژی یەكەی پاسەوانی سنووری هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەو كەسانەی ناویان بۆ هێزەكانی پاسەوانی سنوور تۆمار كردبوو، كۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە و چاوەڕێ دەكرێ ناوەكان بێتە راگەیاندن، كە پشكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو هەزار و 600 كەسە.
لە عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن كەس فۆڕمی پڕ كردووەتەوە، پشكی هەرێم دوو هەزار و 621 كەسە
كاروان خۆشناو، گوتەبێژی هێزی یەكەی پاسەوانی سنووری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لینكێكی ئەلیكترۆنی دانابوو، خەڵكیش لە رێگەی ئەو لینكەوە فۆرمی دامەزراندنیان لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور پڕ كردبووە، روونی كردەوە، هەر لە لای ئەوانەوە كۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە و خۆیان ناوەكان رادەگەینن، ئاشكرای كرد، سەرجەم ئەوانەی ناویان تۆمار كردبوو، كۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكەن كە ناوەكان رابگەیەنن، ئەوكات دیار دەبێت كێ ناوی دەگەڕێتەوە و دادەمەزرێت.

زیاتر گوتی، لە هەموو عێراق دوو ملیۆن و 182 هەزار كەس فۆڕمی بۆ دامەزراندن لە هێزی پاسەوانی سنووری پڕ كردووەتەوە، كە بڕیارە لیوایەك بۆ هێزی پاسەوانی سنوور دروست بكرێت و پشكی هەرێمی كوردستانیش دوو هەزار و 621 كەسە و دادەمەزرێن، چونكە پێویستمان پێیان هەیە بۆ پاراستن و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، دووپاتیشی كردەوە كە میكانیزمی دامەزراندن لای ئێمە نییە، بۆیە دیار نییە ناوەكان كەی رادەگەیەنن.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل