دووەم وڵات تاوتوێی زیادكردنی پشووی هەفتانەی فەرمانبەران دەكات

:: PM:06:09:14/03/2023 ‌

دوای ئەوەی لە ئیمارات سەركەوتنی بەدەست هێنا، وەزارەتی سەرچاوە مرۆییەكان و پەرەپێدانی كۆمەڵایەتیی سعوودیە رای گەیاند، تاوتوێی درێژكردنەوەی پشووی كۆتایی هەفتەی فەرمانبەران بۆ سێ رۆژ دەكەن.

وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە، ئێستە خەریكی تاوتوێكردنی سیستمی كاركردنن، پێداچوونەوە بە ئەگەری درێژكردنەوەی پشووی كۆتایی هەفتەی فەرمانبەران لە دوو رۆژەوە بۆ سێ رۆژ دەكەن.

میدیاكانی سعوودیە دەڵێن ئەو تاوتوێكردن و پێداچوونەوە وەك بەشێكە لە هەڵسەنگاندنی خولی بۆ كاری وەزارەتەكان، كاتێك شارەزایان شێوازی زیادكردنی هەلی كار و سەرنجراكێشتركردنی بازاڕی كار بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی دەكەن. 

وەزارەتەكە دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە رەشنووسێكیان بە رۆژانی كاركردنی كەمتری هەفتە بۆ گفتوگۆكردن خستووەتە روو، لە حاڵەتی جێبەجێكردنیشی، سعوودیە دەبێتە دووەم وڵات لەدوای ئیمارات، ئەو سیستمە نوێیە جێبەجێ دەكات.

بەپێی توێژینەوەكە و بەهۆی جێبەجێكردنی سیستمەكە لە میرنشینی شاریقە لە ئیمارات، خۆشحاڵی و بەرهەمهێنان و تەندروستی مێشكی فەرمانبەران دوای هەفتەیەك لە كاركردن بە رێژەی 90% زیادی كرد، واتە دوای چوار رۆژ كاركردن. 

كاتێك ئیمارات لە سەرەتای 2022وەوە رۆژانی هەینی و شەمە و یەكشەمی بۆ فەرمانبەرانی كردە پشوو، تەنیا قوتابخانە و فەرمانبەرانی كەرتی گشتی هەینیان تا نیوەڕۆ دەوام دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل