بۆچی لە مانگی ئادار كێشەی دەروونی زیاد دەكات؟

:: PM:08:16:15/03/2023 ‌

ساڵانە لە هەردوو مانگی شوبات و ئادار كێشە و نەخۆشییە دەروونییەكان زیاد دەبن، لەو ماوەیەدا گۆڕانكاری لە میزاجی خەڵك روودەدات، هەندێك كەس نیشانەی نائاساییان بەسەردا دەردەكەوێت، بەڵام بۆچی؟

د. ئەحمەد باسووسی، راوێژكاری چارەسەركردنی نەخۆشییە دەروونییەكان و ئاڵوودەبوون دەڵێت، لە رووی زانستییەوە باوە كە هەندێك كۆئەندام و هۆرمۆنەكانی لەش بە گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ژینگە گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەوەش گۆڕانكاری لە ئاكار و میزاج و هەڵسوكەوتی مرۆڤ روودەدات.

ئەو پزیشكە دەڵێت، لە وەرزی زستان خۆر بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دیار ناكەوێت، بۆیە دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی نەرێنیی میزاجی، نەخۆشییەك هەیە بەناوی "خەمۆكیی وەرزی زستان"، هاوكات چالاكی و جموجۆڵی مرۆڤ لەو ماوەیەدا كاریگەر دەبێت و كەسانێك هەست بە خامۆشی و نەمانی گەرمی و خواستی ئەنجامدانی چالاكییەكان دەكەن. 

زیاتر گوتی، كاتێك پلەكانی گەرما ناوەند و تۆزێك بەرز دەبن، كار دەكەنە سەر میزاج و كاردانەوەی هەندێك كەس، ئەوان چالاكتر دەبن و قسە زۆر دەكەن و بیرۆكەی زۆر دێتە مێشكیان، حاڵەتێكی نەخۆشی هەیە بەناوی شێوانی دوو جەمسەرە، نەخۆشەكە لە نێوان خامۆشی و خۆدابڕین و چلاكبوونی زۆر دێت و دەچێت، بەشێوەیەك ناتوانێت بۆ چەند رۆژێك بخەوێت و قسە زۆر دەكات و پارە زۆر خەرج دەكات.

د. ئیبراهیم مەجدی، راوێژكاری پزیشكی دەروونی دەڵێت، چەند هۆكارێك هەن دەبنە هۆی دەركەوتنی نیشانەی نەخۆشی لەو دوو مانگەدا، ئەوانیش گۆڕانكاری كەشوهەوا و وەرزی و فڕینی دەنكەهەڵاڵە و كرانەوەی گولەكانن، دۆخی دەروونی بە گۆڕانكاریی كەشوهەوا كاریگەر دەبێت، لە كۆتایی زستان و سەرەتای بەهار توندی خەمۆكی زیاد دەكات، ئەوەش بەهۆی كێشە لە هۆرمۆنەكانی میناتۆلین و سیتۆكینین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل