كچێك لە هەولێر لەلایەن براكەیەوە كوژرا

:: PM:03:56:16/03/2023 ‌
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تاوانێكی كوشتن لە هەولێر رادەگەیەنێت و دەڵێ‌، كچێكی /28/ساڵان لە هەولێر بە گولە كوژراوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئادار، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رای گەیاندووە، ئاگادار كرایەوە بەبوونی ڕووداوێكی برینداركردن لە نەخۆشخانە، دوای گەیشتنی تیمێكی لێكۆڵەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەركەوت كەوا كچێك بەناوی "سورە" تەمەن 28 ساڵ گوللەیەك بەر سەری كەوتووە و بریندار بووە، لەبەر خراپی باری تەندروستی دوای دوو سەعات گیان لەدەست دەدات.

پۆلیس دەڵێن، دوای لێكۆڵینەوەكان و وەرگرتنی زانیاری دەركەوت كە ناوبراو لەلایەن برایەكییەوە بەناوی (ر. س.) تەمەن 32 ساڵ لە سەر كێشەیەكی خێزانی بە گوللە لێی دەدات و هێزەكانی پۆلیس توانیان لە ماوەیەكی كەم تۆمەتبار بگرن.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخرا و ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر كرا بەمەبەستی گرتنە بەری ڕێككاری یاسایی بەرانبەر بە تۆمەتبار.



وشە - وشه‌