ترەمپ ئەو دیارییانەی شاردووەتەوە كە لە كۆشكی سپی بۆی هاتبوون

:: AM:10:13:18/03/2023 ‌
بەپێی یاسای ئەمەریكا، هەر دیارییەكی گرانبەها بۆ سەرۆكی ئەو وڵاتە لەلایەن كەسایەتی یان وڵاتان بۆ سەرۆكی وڵاتەكە بێت، دەبێتە موڵكی كۆشكی سپی. بەپێی لێكۆڵینەوەیەك، ژمارەیەك دیاریی گرانبەها بۆ دۆناڵد ترمپی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا هاتووە و ئێستە دیار نین.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ شەموو 18ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە پەرلەمانتارانی لیستی دیموكراتییەكان كردوویانە و تا ئێستەیش بەردەوامە، ژمارەیەكی زۆری دیارییە گرانبەهاكان كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆك هاتبوون، ئێستە دیار نەماون و لێكۆڵینەوەكە بەدوایاندا دەگەڕێت.

بەپێی لێكۆڵینەوەكە تەواوی ئەو دیارییانەی لەلایەن كەسایەتییەكان و سەرۆكی وڵاتانەوە بۆ ترەمپ هاتوون، لە سەرووی 250 هەزار دۆلار دەبێت، ئەو دیارییانە كاتێك هاتوون ترەمپ لە دەسەڵاتدا بووە. لەناویاندا خەنجەر و شمشێر و داری گۆڵف و زۆری تر.

بەرپرسی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی جێمی راسكین كە لە دیموكراتەكانە، گوتوویەتی ئەو دیارییانەی بۆ ترەمپ هاتوون، نزیكەی 100 دیاری دەبن كە سەرۆكی ئەمەریكا نابێ بۆ خۆی بیانبات، بەڵكو ئەوانە موڵكی كۆشكی سپین، كەچی ئێستە ئەو دیارییانە شاراونەتەوە و هەوڵی دۆزینەوەیان دەدەین.

لەبارەی دیارییەكانەوە گوتوویەتی، لەناویاندا خەنجەرێك و چەند شمشێرێك هەمن كە تەنیا نرخی خەنجەرەكە ددەگاتە 24 هەزار دۆلار، ئەو دیارییانە لە سعوودیەوە پێشكەشی ترەمپ كراون. هەروەها لە سلفادۆرەوە تابۆلیەك بۆ ترەمپ هاتووە و ئێستە ئەو تابلۆیەیش دیار نییە. لە سەرۆكی ژاپۆنیشەوە داری گۆڵف كە لە زێر دروست كراوە، پێشكەشی ترەمپ كراوە و ئەویش ون بووە.

زیاتر گوتوویەتی، پێشبینی دەكرێ تابلۆكە لە بارەگای ترەمپ لە فلۆریدا بێت، ئەركی ئێمەیە تەواوی دیارییەككان بدۆزینەوە، چونكە ئەو شاردنەوەیە كاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی سەرۆكی ئەمەریكا دەبێت.

دۆناڵد ترەمپ كە ملیاردێرێكی ئەمەریكایە و لە ساڵی 2017 تا 2021 سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر لیستی كۆمارییەكان بووە، دوای ئەو جۆ بایدن لە لیستی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریكا هاتە هەڵبژاردن، ئێستەیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە، بڕیارە دیسان ترەمپ خۆی بۆ سەرۆكی ئەمەریكا كاندید بكات. 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د